رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی راپەڕین لەبارەی هەڵگرتنی برنج دەریدەخات، ئەگەر بە کوڵاوی لە پلەی گەرمیی ژووردا دابنرێت و نەخرێتە نێو ساردکەرەوە ژەهراوی دەبێت. هۆشداریش دەدرێت لەبارەی کۆکردنەوە و کۆگەکردنی برنجی کوردی.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری عێراقی بۆ توێژینەوەی پیشەسازی Iraqi Journal of Industrial Research بڵاو کراوەتەوە و لەسەر 75 نموونەی سێ جۆری برنج (برنجی کوردی، برنجی بازرگانی و برنجی بەشەخۆراکی مانگانە ''بایەعی'') کراوە.
دیدەن عەبدولڕەحمان، بەکالۆریۆس لە بایۆلۆژی و توێژەرێکی توێژینەوەکە ئەنجامی پشکنینەکانی بە رووداو راگەیاند و گوتی: گەشەی بەکتریا یاخود پیسبوون بە بەکتریا لەنێو برنجی خاو ''نەکوڵاو'' تەنیا لە برنجی کوردیدا هەبوو، بەڵام لە برنجەکانی دیکە نەبوو، کە دەشێت بەهۆی خراپکۆگەکردنی برنج یاخود مامەڵەکردن لەگەڵی بە ناخاوێنی هۆکار بێت.
دیدەن عەبدولڕەحمان روونی دەکاتەوە، نەبوونی هیچ گەشەیەکی بەکتریا لەنێو برنجی بازرگانیی نەکوڵاو رەنگە بۆ مادە پارێزەرەکانی نێو برنجەکە بگەڕێتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە برنجی کوردی سرووشتییە و هیچ پارێزەرێکی تێدا نییە، هەر بۆیە ئەگەری گەشەکردنی بەکتریای تێدا زیاد دەبێت، بەڵام ئەگەر بە خاوێنی کۆبکرێتەوە و کۆگە بکرێت، ئەم ئەگەرەش کەم دەبێتەوە.
برنجەکان دوای کوڵاندنیان و هەڵگرتنیان لەنێو ساردکەرەوە، چۆن بوون؟
بەپێی توێژینەوەکە، نموونەکانی سێ جۆر برنجەکە لەنێو ساردکەرەوە لە پلەی 5 بۆ 7 پلەی سیلیزی دانران؛ دەرکەوت کە زۆرینەیان گەشەی بەکتریایان لەنێو لاواز بووە و بگرە هیچ ژەهراویبوونێک و پیسبوونێک بە بەکتریایان تێدا نەبووە.
برنجەکان دوای کوڵاندنیان و هەڵگرتنیان لە پلەی گەرمیی ژووردا، چۆن بوون؟
لەم دۆخەدا هەر سێ جۆری برنجەکە (برنجی کوردی، برنجی بازرگانی و برنجی بەشەخۆراکی مانگانە ''بایەعی'') گەشەیەکی زۆری بەکتریایان تێدا روویداوە، ئەمەش واتە ژەهراویبوون و دەکرێت مرۆڤ تووشی نەخۆشیی تووند بکەن، چونکە پلەی گەرمیی ژوور ژینگەیەکی لەبارە بۆ گەشەکردنی بەکتریا.
دیدەن عەبدولڕەحمان هۆشداری دەدات کە دوای کوڵاندنی برنج و هەڵگرتنی، تەنیا لەنێو ساردکەرەوەدا دابنرێت، نەک لە پلەی گەرمیی ژوور واتە 37 پلەی سیلیزیدا بەجێبهێڵدرێت و ئینجا گەرم بکرێتەوە.
پێشنیازەکانی توێژینەوەکە؛
- پێویستە برنجی کوڵاو و لێنراو لە پلەی گەرمیی ژووردا کەمتر لە 20 کاژێر بمێنێتەوە و لەوەندە زیاتر مەترسیدارە.
- برنج بۆماوەی 38 کاژێر ئاساییە لەنێو ساردکەرەوەدا بمێنێتەوە.
- برنجی لێنراو دوای 2 کاژێر بخرێتە نێو ساردکەرەوە و لەکاتی گەرمکردنەوەشدا، بە باشی گەرم بکرێتەوە.
- برنج گەرم نەکرێتەوە، یاخود تەنیا یەکجار گەرم بکرێتەوە.
ئەوانەی توێژینەوەکەیان کردووە پێکدێن لە (سیامەند ئەحمەد، شەوگی محەممەد، ئەحمەد فەرحان و دیدەن عەبدولڕەحمان) و جەخت لەوە دەکەنەوە؛ پێویستە برنجی لێنراو لەماوەی دوو کاژێردا بخرێتە ساردکەرەوە و لەماوەی 38 کاژێردا بخورێت. برنجی کوردی بە نەکوڵاوی و بە کوڵاویش زیاتر مەترسیی پیسبوون بە بەکتریای لەسەرە بەراورد بە برنجی بازرگانی، چونکە هیچ مادەیەکی پارێزەری تێدا نییە و برنجێکی فرێشە.

