رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەی پزیشکیی کەنەدی نووسراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی کەنەدا لەوەی خۆیان لە شەمشەمەکوێرە بپارێزن. ئەمەش دوای دەرکەوتن و ئاشکرابوونی چیرۆکی منداڵێک دێت کە بە گیانلەدەستدان کۆتایی هات.
لە هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدا دوای ئەوە منداڵێکی 11 ساڵ لەکاتی خەودا شەمشەمەکوێرەیەک لەسەر رووخساری دەنیشێتەوە و لەخەوی هەڵدەستێنێت، هیچ ئاساوارێکی برین و چڕنووک بە رووخسارییەوە بەجێناهێڵێت. بەڵام لەو نووسراوەی کۆمەڵە پزیشکییەی کەنەدادا هاتووە کە دوای 19 رۆژ ئەو کوڕە نەخۆشکەوتووە و (سڕبونی رووخسار، رشانەوە و ئازاری ماسوولکەی هەبووە).
تیمە پزیشکییەکە بە رەزامەندیی خێزانەکەی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، وردەکاریی حاڵەتەکەیان لە گۆڤاری کۆمەڵەی پزیشکیی کەنەدیدا بڵاو کردووەتەوە، روونیان کردەوە؛ شەمشەمەکوێرەکان مەترسییەکی نائاسایی دروستدەکەن؛ چونکە ددان و چڕنووکە بچووکەکانیان رەنگە برینی نەبینراو جێبهێڵن و بە ئاسانی پشتگوێ بخرێن.
پزیشکان، جەختیان لەوە کردەوە، هەر بەرکەوتنێکی راستەوخۆی مرۆڤ لەگەڵ شەمشەمەکوێرە، تەنانەت لە ئەگەری نەبوونی هیچ گازگرتن و رووشانێکی دیاریشدا، بە ئاماژەیەکی پێویست دادەنرێت بۆ ئەوەی دەستبەجێ سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری خۆپارێزیی دوای بەرکەوتن. ئیدی بە دەرمانی دژەتەن بێت یاخود ڤاکسین.
ئەنجامی پشکنینەکان
پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کوڕە نەخۆشیی هاری تووشبووە و لە شەمشەمە کوێرەکەوە بۆی گوازراوەتەوە. ئەمەش یەکێکە لە مەترسیدارترین نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان و هێرش دەکاتە سەر کۆئەندامی دەمار کە 100٪ دەبێتە هۆی مردن ئەگەر گەستن و بەرکەوتنی ئاژەڵ تووشبوو لەگەڵ بەشی سەرەوەی جەستەدا هەبێت.
شەمشەمەکوێرەکان هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانن بە هاری لە ئەمریکای باکوور؛ لە کەنەدا تەنیا 28 حاڵەت لە ساڵی 1924ـەوە تۆمار کراون.
لە هەرێمی کوردستان هاری لە چ گیاندارێکدا هەیە؟
لە هەرێمی کوردستان لەنێو شار و دەوروبەری شارەکان ساڵانە چەندین کەس بەهۆی گەستنی سەگەوە تووشی هاریی سەگ دەبن و تەنانەت بەشێکیان گیان لەدەستدەدەن. شەمشەمەکوێرەش لە ناوچە جیاوازەکانیشدا بەدیدەکرێن، بەڵام ئەوەی تائێستا تۆمار کرابێت، تەنیا بەهۆی هاریی سەگەوە بووە.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە سەگ
* دەرکەوتن؛ 2 بۆ 4 مانگ
* تا و گەشکە
* هەستیاری بە رووناکی و ئاو
* قورسیی قووتدان و لیکی زۆر
* ئیفلیجی
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە مرۆڤ
* دەرکەوتن؛ 2 مانگ بۆ ساڵێک
* ئیفلیجی
* تا و رشانەوە
* قورسیی قووتدان
* هەوکردنی مێشک و کۆئەندامی دەمار
* زیادبوونی لیک
* تێکچوونی باری دەروونی
* گازگرتن



