رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەڵمانیا هەواڵێکی خۆش بە بەساڵاچووان دەدات و دەریدەخات، توانای فێربوونیان ناوەستێت و هاوشێوەی گەنجان دەتوانن ئەزموون و لێهاتوویی نوێ تاقیبکەنەوە و فێرببن.
توێژینەوەکە بە هاوبەشی لەنێوان زانکۆکانی هایدڵبێرگ، مانهایم، هامبۆرگ و زوریخ لە ئەڵمانیا لەسەر دوو گرووپی خەڵک کرا کە بەساڵاچوو و گەنج بوون؛ بەشدارییان لە خولێکی لێهاتووییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ گوشار و کێشە کۆمەڵایەتییەکان کرد و بۆ توێژەران دەرکەوت کە هەردووکیان لە وەرگرتنی رەفتارەکان و رێنوێنییەکانی خولەکە نایاب بوون.
پڕۆفیسۆر د. کۆرنێلیا فرزۆس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: بەساڵاچووان هاوشێوەی گەنجان دەتوانن گۆڕانکاریی رەفتاری و دەروونی دروستبکەن، ئەگەر پاڵنەر و ئارەزووی فێربوونی لێهاتوویی و رەفتاری نوێیان هەبێت.
توێژەران ئەوەش باس دەکەن، هەڵکشانی تەمەن مەرج نییە توانای مرۆڤ بۆ گەشەکردن و فێربوونی رەفتاری نوێ سنووردار بکات، هەرچەندە فێربوونی هەندێک لێهاتوویی وەکو زمان یان میوزیک لەگەڵ چوونە ناو تەمەنەوە رەنگە قورستر بێت، بەڵام دەکرێت هاوشێوەی گەنجان فێرببن.



