رووداو - تەندروستی
کۆمپانیای گشتیی دروستکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە سامەڕا دەستی بە بەرهەمهێنانی یەکەم بڕی سپڕەی رەبۆ ''بەخاخ'' کرد و رایدەگەیێنێت، ساڵانە نۆ ملیۆن دانەی لێ بەرهەم دەهێندرێت.
محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت: ئەم هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی پیشەسازیی نیشتمانیی دەرمانییە تاوەکو هاوردەکردنی دەرمان کەم بکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە روونی دەکاتەوە، کۆمپانیاکەیان توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی نۆ ملیۆن دانە لە نۆ جۆری جیاوازی سپڕەی رەبۆ کە بە بەخاخ ناسراوە، هەیە.
بەپێی راگەیاندراوەکەیان، تائێستا رێکارەکانی بەرهەمهێنانی جۆری (بیوتادین و سامازۆن) تەواو بوون و چاوەڕیی تۆمارکردنیانن لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە، ئینجا دەخرێنە بازاڕەکان.
لەبارەی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە هەرێمی کوردستان، دکتۆر گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان بە رووداوی گوتووە، هەر دەرمانێک لە عێراق و دەرەوەی وڵاتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت، دەبێت بە کواڵیتیی کۆنتڕۆڵدا تێپەڕ ببێت (تەنانەت ئەگەر ستیکەری تەندروستیی عێراقیشی پێوەبێت).
کۆمپانیای گشتیی پیشەسازیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە سامەڕا (SDI)، دامەزراوەیەکی نیشتمانیی عێراقییە و لە ساڵی 1965 دامەزراوە. کۆمپانیاکە سەتان جۆر دەرمان بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمەکانیشی بریتین لە؛ حەب، کەپسول، مەڵهەم، قەترەی چاو و دەم، پاودەر، لەگەڵ دەرمانی دژەبەکتریاکان و ژیناوی پزیشكی و پێداویستیی پزیشکی.



