رووداو-تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە کۆڕبەندی کۆمەڵەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکانی زانستی دەمار (FENS) 2026 پێشکێشکرا، ئەو کەسانەی بە زیاتر لە زمانێک قسە دەکەن، مێشکیان گەنجتر دەردەکەوێت.
د. لوسیا ئاموروسۆ لە سەنتەری باسک بۆ ژیری، مێشک و زمان لە ئیسپانیاوە ئاشکرای کرد توێژینەوەیان لەسەر نزیکەی 200 کەس کردووە و دەرکەوتووە ئەوانەی بە دوو زمان قسە دەکەن، مێشکیان نزیکەی 6 ساڵ گەنجتر بووە لەوانەی تەنیا یەک زمان دەزانن، ئەو کەسانەی سێ زمان دەزانن، مێشکیان نزیکەی 7 ساڵ گەنجتر بووە و هەروەها ئەوانەی چوار زمان دەزانن، مێشکیان نزیکەی 13 ساڵ گەنجتر بووە.
د. لوسیا ئاموروسۆ ئاماژە بەوەدەکات، مرۆڤ چەند زمانی زیاتر بزانێت، مێشکی گەنجتر دەردەکەوێت، هەروەها فێربوونی زمانێکی دیکە لە تەمەنێکی بچووکتردا و شارەزابوون تێیدا، یارمەتیدەرە بۆ هێواشکردنەوەی پیربوونی مێشک.
د. لوسیا ئاموروسۆ دەڵێت مێشکی مرۆڤ لە ملیار خانەی دەماری پێکدێت کە پێویستە پەیوەندییان بەیەکەوە هەبێت، لەگەڵ تەمەندا پەیوەندییەکانی نێو مێشک لاواز دەبن و لە ئەنجامدا یادەوەری و خێرایی بیرکردنەوەش کەم دەبنەوە.


