رووداو - تەندروستی
ماندووبوونی بەردەوام کێشەیەکی باوی نێو خەڵکە و بەتایبەت لەنێو خانماندا باوە، رەنگە بەهۆی کەمخەوی یان گوشاری دەروونی و سترێسەوە تووشی ببیت، بەڵام بەردەوامیی ئەو بێهێزی و ماندووبوونە دەکرێت هۆکاری جیدی و مەترسیداری لە پشت بێت کە پێویست بە چارەسەرکردنی بکات.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، تەنیا لە ئەمریکا سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس گیرۆدەی هەستکردن بە بێهێزی و ماندووبوونی بەردەوامن کە لەنێو خانماندا دووهێندە و چوارهێندە بەرزترە.
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئۆساکا لە ژاپۆن دەریدەخات، کەمیی ڤیتامین B12 و B9 کە بە فۆڵیکد ئەسید ناسراوە هۆکارێکی باوە بۆ ئەو ماندووێتییە و
پڕۆفیسۆر د. حەسەن حەسوونە، مامۆستای بواری خۆراک لە ناوەندی نیشتمانیی توێژینەوە لە قاهیرە لەبارەی ئەم پرسەوە دەڵێت: ماندووبوون، چ لەلای کەسانی پێگەیشتوو یان گەنجان، تەنیا بە یەک هۆکارەوە پەیوەست نییە، بەڵکو زۆرجار لە ئەنجامی تێکەڵبوونی چەندین هۆکارەوە دروستدەبێت وەکو 'کەمخەوی، خراپیی خۆراک، گوشاری دەروونی، کەمیی ڤیتامینەکان و کەمخوێنی'.
ئەمانە بزانە
ڤیتامین B12 بۆ پاڵپشتی کۆئەندامی دەمار و کەمکردنەوەی مەترسیی لەبارچوونی منداڵە بۆ خانمانی دووگیان، پاشانیش هێز و چوستی بە ماسوولکەکان دەبەخشێت و یارمەتیدەرە لە باشتر بەرهەمهێنانی خوێن بۆ جەستە. لە ماسی، گۆشتی سوور و شیرەمەنییەکاندا زۆرە.
فۆڵیک ئەسید بۆ رێگری لە نەخۆشییە سکماکییەکان لەماوەی دووگیانیدا بەکاردێت، هەروەها گەشەی کۆرپەلەش باشتر دەکات. لە سەوزەکان و پاقلەمەنییەکاندا زۆرە.


