رووداو - تەندروستی
سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شەهید بەهەشتی لە ئێران رایدەگەیێنێت، پیاوان زیاتر لە خانمان جگەرە دەکێشن، بۆیە لە تەمەنێکی کەمتردا تووشی بەرزیی پەستانی خوێن دەبن و بە تێکڕا 10 بۆ 15 ساڵ زووتر لە خانمان تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان دەبن.
محەممەد ئیسماعیل قەیداری، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شەهید بەهەشتی لە ئێران دەڵێت: ئێستا ئەو نەخۆشییانەی کە بە کوتان رێگرییان لێ دەکرا، کۆنتڕۆڵکردنیان قورس بووە، چونکە رەچاوی کوتانی منداڵ و پاکوخاوێنی ناکرێت یاخود زۆر لاواز بووە.
ئەو لە کۆنگرەی تەندروستیی پیاوان لە ئێران ئەوەی باس کرد کە ئێستا سیستمی تەندروستی جەختی زۆر لەسەر نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەکاتەوە و بە مەترسییەکی باو ناویان دەبات بەتایبەت لە ئێران و بە تایبەتتریش رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن وەکو جەڵتە.
لەبارەی جەڵتەوە گوتی: ئامارەکان دەریدەخەن کە رێژەی مردن بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە پیاواندا زیاترە لە خانمان. هەرچەندە رەنگە بەشێک لەم جیاوازییە پەیوەندی بە هۆکاری بایۆلۆژییەوە هەبێت، بەڵام توێژینەوەکان دەریدەخەن کە خانمان بەراورد بە پیاوان گرنگییەکی زیاتر بە خۆپارێزی و چاودێریکردنی تەندروستیی خۆیان دەدەن.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لەناو خێزانیشدا ئەم بابەتە بە روونی بەدی دەکرێت؛ خانمان بە گشتی هەستیارییەکی زیاتریان بەرامبەر خۆراکی تەندروست، خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی هۆکارە مەترسیدارەکان هەیە، لە کاتێکدا پیاوان کەمتر گرنگی بەم بابەتانە دەدەن''.
.png&w=3840&q=75)

