رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر رایدەگەیێنێت، بەشێکی گرنگی ئەو دەرمانانەی بۆ شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن بەکاردەهێندرێت، نین یاخود بە تەواوی و بە بڕی پێویست لە بەغداوە نانێردرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-7-2026 د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر کە تایبەتە بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و خوێن بە رووداوی راگەیاند، لیستی ئەو دەرمانانە درێژن کە مانگانە دەبڕدرێن و بۆماوەیەکی زۆر نامێنن.
ئەو ئاماژەی بە دەرمانی خوێنبەربوونی بۆماوەیی ''هیمۆفیلیا'' کرد کە ئێستا بڕی پێویست نەگەیشووەتە دەستیان.
د. هەردی جەواد هۆکاری نەناردنی دەرمان یاخود نەبوونی دەرمان بۆ ئەوەی دەگەڕێنێتەوە کە جەنگی ئێران و ئەمریکا هەبووە و وەستانی فڕۆکەخانەکان و هەناردەکردنی نەوت هەروەها کێشە لە گرێبەستەکانی دابینکردنی دەرمان لە بەغداوە، بوونەتە هۆکار بۆ ئەوە.
بەگوتەی د. هەردی جەواد 90٪ بۆ 95٪ـی نەخۆشانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا چارەسەر وەردەگرن و دەرمانەکانیان دەستدەکەون، ئەوانەشی کە نین لە بازاڕەکاندا بە ئاسانی و بە نرخی هەرزان دەستدەکەون.


