رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، لە ساڵی 2004ـەوە وەکو ناوەندێکی تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە کراوەتەوە، بووەتە پەناگەیەک بۆ تووشبووانی ئەو نەخۆشییە نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە سەرانسەری عێراقیشەوە. نەخۆشخانەکە بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو بەڕێوەدەبرێت و مانگانە دەیان هەزار پشکنین و چارەسەری جۆراوجۆری تێدا پێشکەش دەکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی نانەکەلی، رۆژانە 300 کەس سەردانی ئەو ناوەندە تەندروستییە دەکەن. تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ، 8,571 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، لەو ماوەیەدا 64,552 پشکنینی تاقیگەیی ئەنجامدراون و 214 فایلی نوێ بۆ نەخۆشان کراوەتەوە. هەروەها 4,666 نەخۆش چارەسەری کیمیاییان لەو نەخۆشخانەیە وەرگرتووە.
سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەشەکان
نەخۆشخانەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، بەشی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجەی خوێن، لەگەڵ بەشی شێرپەنجەی گرێیەکان. یەکێک لە نوێگەرییە دیارەکانی نانەکەلی، گۆڕینی تەواوی سیستەمی کارکردنە بۆ ئەلیکترۆنی، هەر نەخۆشێک بارکۆدێکی تایبەتی هەیە کە تەواوی زانیارییەکان، مێژووی نەخۆشی و جۆری ئەو چارەسەرانەی وەریگرتوون تێیدا تۆمار کراوە.
نەخۆش دوای تۆمارکردنی ناوی، روو لە بەشی هیماتۆلۆجی (راوێژکاری نەخۆشییەکانی خوێن) دەکات و لەوێ لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕەوە پشکنینە پێویستەکانی بۆ دیاری دەکرێت.
تاقیگەیەک بە تێچووی ملیۆنان دۆلار بۆ خزمەتی بێبەرامبەر
تاقیگەی نەخۆشخانەی نانەکەلی، بەتایبەت ژووری دەستنیشانکردنی خانە شێرپەنجەییەکان، یەکێکە لە هەستیارترین بەشەکان. لێرەدا جۆری شێرپەنجە و شێوازی چارەسەری کیمیایی دیاری دەکرێت. ئەو کەرەستانەی لەو ژوورەدا بەکاردێن، نزیکەی 100 ملیۆن دیناریان تێدەچێت کە لەلایەن حکومەت، وەزارەتی تەندروستی، سندوقی شێرپەنجە و خێرخوازانەوە دابین دەکرێت.
ئەو پشکنینانەی لەم تاقیگەیە بە خۆڕایی بۆ نەخۆش دەکرێن، تێچووەکەیان لە تاقیگە ئەهلییەکاندا پێشتر نزیکەی 3000 دۆلار بووە و ئێستاش گەیشتووەتە نزیکەی 1000 دۆلار، بەڵام لە نانەکەلی بارگرانی دارایی لەسەر شانی نەخۆش لادراوە.
نەخۆشەکان چی دەڵێن؟
گەلاوێژ مستەفا، لە ساڵی 2010ـەوە تووشبووی شێرپەنجەی خوێنە و لە نانەکەلی چارەسەر وەردەگرێت، دەڵێت: "زۆر لە خزمەتگوزارییەکان رازیم، پزیشکەکان هاوکارمانن." بەڵام نیهاد سەعیدی کوڕی ئاماژە بەوە دەکات پێشتر بەهۆی نەبوونی هەندێک دەرمان ناچار بوون روو لە ئێران بکەن و تێچوویەکی زۆریان کەوتووەتە سەر، ئێستا داوا دەکەن ئامێری "خوێن سافکردن" (Apheresis) پێشتر هەبووە، دووبارە بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکرێتەوە.
سەیف عەزیز، هاووڵاتییەکی خەڵکی روومادییە و نەخۆشەکەیان لە نانەکەلی چارەسەر دەکرێت، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "لێرە هیچ جیاوازییەک لەنێوان کورد و عەرەب، یان موسڵمان و کریستیان ناکرێت، ئێمە کرێکارین و لێرە بەبێ بەرامبەر هەموو چارەسەرێکمان بۆ دەکرێت."
گرانیی دەرمان و دووریی رێگا
سەرباری خزمەتگوزارییەکان، هەندێک لە کەسوکاری نەخۆشەکان باس لە گرانیی تێچووی دەرمان دەکەن کاتێک لە نێو نەخۆشخانەدا دەستناکەوێت. نێچیرڤان خورشید، کچە چوار ساڵانەکەی (ئامینە) تووشبووی شێرپەنجەی خوێنە و کێشەی دڵیشی هەیە، دەڵێت: "مانگانە 20 رۆژ لێرەین، بەڵام کاتێک دەرمان لە نەخۆشخانە نامێنێت، ناچارین لە دەرەوە بە 600 بۆ 700 هەزار دینار یان بە دۆلار بیکڕین، کە ئەمە بۆ ئێمەی فەرمانبەر زۆر قورسە."
نەخۆشخانەی نانەکەلی بەردەوامە لە پێشوازیکردن لەو نەخۆشانەی کە جەستەیان لە جەنگی دژ بە شێرپەنجەدایە، و ستافە پسپۆڕەکەی رۆژانە لەنێوان 400 بۆ 600 پشکنینی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی زووتر نەخۆشییەکان دەستنیشان بکەن و پرۆسەی چارەسەر دەستپێبکات.


