رووداو دیجیتاڵ
نۆرەی نەشتەرگەری لە بەشێکی نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە 3 مانگ و هەندێ کات زیاتریش. بەدواداچوونێکی رووداو دەریدەخات زۆربەیان کێشەی کەمیی هۆڵی نەشتەرگەرییان هەیە.
سێ جۆر نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکرێن، نەشتەرگەریی سارد، نەشتەرگەریی گەرم و نەشتەرگەریی جوانکاری. نۆرەی نەشتەرگەرییە ساردەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتەکان کاتێکی زیاتر دەخایێنێت، کەمیی پسپۆڕ و هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە هۆکارەکانی ئەم دواکەوتنەن.
نەشتەرگەریی سارد: نەشتەرگەرییەکی پلان بۆ داڕێژراو و هەڵبژێردراوە کە باری لەناکاو و کتوپڕ نین. نەخۆش کاتێکی پێویستی هەیە بۆ ئامادەکاری، وەک پشکنینی پێشوەختە و گرتنەبەری رێنماییەکان، بە پێچەوانەی "نەشتەرگەریی گەرم" کە لە حاڵەتی فریاگوزاری و خێرادا دەکرێت.
د. نورجیهان عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری، رۆژی یەکشەممە 19ـی تەممووز، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی نۆژەنکردنەوەی هۆڵەکانی نەشتەرگەری، نۆرەی نەشتەرگەرییەکان درێژتر بوون."
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، نۆرەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکەیان 2 هەفتە بۆ 3 مانگ دەخایێنێت، بە گوێرەی جۆری نەخۆشی، کاتی نەشتەرگەرییەکە دیاریدەکەن.
لەبارەی کوالێتیی ئامێری هۆڵەکانەوە گوتی: "ئەوەی پێویستە بۆ نەشتەرگەریێکی سەرکەوتوو بۆمان دابینکراوە و کوالێتیی ئامێرەکان بەرزە."
د. نورجیهان عەلی روونیکردەوە، زۆرترین نەشتەرگەری کە لە رزگاری دەکرێ، نەشتەرگەریی گۆڕینی شان و ئەژنۆیە. گوتیشی: "بۆ نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان نۆرەمان هەیە لە ساڵی 2027ـدایە، ئەگەر ژمارەی هۆڵ زیادبکرێ ماوەی چاوەڕوانیی نەخۆشخەکان کەم دەکاتەوە و نەشتەرگەرییەکان خێراتر دەکرێن."
هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "پێداویستیی نەخۆشخانەکانی سلێمانی لەگەڵ خواست هاوتا نییە و لە ئاستی بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانەکەیدا نییە، بۆیە نەشتەرگەرییە ساردەکان دوادەکەون."
بە گوتەی سامان لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی نەشتەرگەرییە ساردەکان، زۆریی ژمارەی نەخۆشە: "لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان و زۆرجار لە پارێزگاکانی عێراقیشەوە خەڵک بۆ نەشتەرگەری دێنە نەخۆشخانە حکومییەکانی سلێمانی."
گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی دەشڵێ: "نزیکەی 30– 40%ـی نەخۆشخەکان لە دەرەوەی سلێمانین."
بە گوتەی هێرش سەلیم، کەمیی دەرمان و کارمەندی تەندروستیی سەرەکیترین گرفتەکانن و گوتی: "نەشتەرگەرییەکان پێویستیان بە دەرمانی تایبەتە کە بۆ نەخۆشەکانی بەکاربێنن، بەڵام زۆرجار ئەمە دەستناکەوێ و نەشتەرگەرییەکە دوادەخرێ." گوتیشی: "ژمارەی کارمەندی تەندروستی لە ناو هۆڵەکان کەمە و ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ چاوەڕوانیی نەخۆشەکان."
لە نەخۆشخانەی (چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە) گرفتی کەمیی پسپۆڕ هەیە.
د. رێبوار فەرەج، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نۆرەی نەشتەرگەرییە ساردەکان لە 6 هەفتەوە دەستپێدەکات تاوەکو شەش مانگ، لە نێویاندا نۆرەی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و دەمار زۆر قەرەباڵخە."
د. رێبوار فەرەج گوتی: "جگە لەوەی نەخۆش زۆرە، کۆمەڵێک گرفتمان هەن کە نۆرەی نەشتەرگەرییەکان دوادەخات، سەرەکیترینیان کەمیی ژمارەی پسپۆڕە لە نەخۆشخانەکە."
بە گوتەی د. رێبوار فەرەج، کەمیی کەرەستە و ئامێری پزیشکی و ژمارەی هۆڵی نەشتەرگەری لە هۆکارەکانی دیکەی دواکەوتنی نەشتەرگەرییە ساردەکانن.
لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک 11 هۆڵی نەشتەرگەری هەن.
د. سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نۆرەی نەشتەرگەرییە ساردەکان لە نەخۆشخانەی ئازادی دەگاتە 3 مانگ." گوتیشی، "11 هۆڵی نەشتەرگەریمان هەیە کە دوو لەوانە بۆ نەشتەرگەرییە گەرمەکان بەکاردێن."
د. سەگڤان حەسەن، لەبارەی گرفتی کەمیی هۆڵەکانی نەشتەرگەرییەوە دەڵێ: "ژمارەی هۆڵەکان لە چاو ژمارەی پسپۆرەکان کەمە، زۆرجار پسپۆر ئامادەیە بەڵام هۆڵی بەرناکەوێ." هەر لەم بارەوە گوتی: "دکتۆر هەیە دەتوانێ لە رۆژێکدا 10 نەشتەرگەری بکات، بەڵام بەهۆی کەمیی هۆڵەوە سێ بۆ چوار نەشتەرگەری دەکات."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، کوالێتیی کەرەستە و ئامێرەکانی نەشتەرگەری لەو نەخۆشخانەیەدا بەرزە و گوتی: "هەر پێداویستییەکی پزیشکی کە لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بەکاردێت لە نەخۆشخانەی ئازادییش بەردەستە و هیچ کەموکوڕیێکیان لەم بارەوە نییە.


