رووداو - تەندروستی
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی پزیشکانی پێست ئاشکرای دەکات، زۆرینەی ئەو سەرپێچییانەی لە کۆمەڵەکەیان تۆماری دەکەن، سەرپێچیکردنی ئەو کەسانەیە کە پزیشک نین و خۆیان وەکو پزیشک ناساندووە یاخود کاری پزیشکیان کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 21-7-2026 هاوتا لەگەڵ رۆژی جیهانیی تەندروستیی پێست د. لاوین دزەیی، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی پزیشکانی پێست بە رووداوی راگەیاند، کەسانی ناشارەزا لەنێو سەنتەر، ماڵ و ساڵۆنەکان زیاد بوون و قوربانییانیش بە دەست ئەو هەڵانەوە دەناڵێنن کە لەلایەن کەسانی ناشارەزاوە بۆیان کراوە.
د. لاوین دزەیی رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەدات کە بە هیچ شێوەیەک نەچنە لای کەسانی ناشارەزا تەنیا لەپێناوی ئەوەی بە نرخی کەم و هەرزان جوانکارییان بۆ دەکات.
ئەو تەواوکەرە خۆراکییانەی کۆلاجینیان تێدایە، سوودیان نییە!
د. لاوین دزەیی وەکو پسپۆڕێکی پێست و جوانکاری هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە ئەو تەواوکەرە خۆراکییانەی لەسەریان نووسراوە کۆلاجین، مەرج نییە کۆلاجینیان تێدا بێت، بەڵکو دەشێت بۆ رێکلامی بازرگانی بووبێت.
ئەو دەڵێت: ئەو دەرمان و تەواوکەرە خۆراکییانەی کۆلاجینیان تێدایە هیچ سوودیان نییە، چونکە ئەو کۆلاجینە دەچێتە نێو پێست و هیچ سوودی لێ نابیندرێت و تەنیا بەهەدەرچوونی پارەیە.


