رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، کاتی خواردنی ژەمی بەیانی هۆکارێکی کاریگەرە لەسەر تەندروستیی دڵ و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لوولەکانی خوێن.
خواردنی ژەمی بەیانی دوای کاژێر 9:00ـی بەیانی پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوە هەیە، بەراورد بە خواردنی ژەمەکە لە کاتێکی زووتری رۆژەکەدا.
ئەنجامەکان، پشتیان بە توێژینەوەیەکی فەرەنسی بەستووە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ چاودێریی زیاتر لە 100 هەزار کەسی کردووە و دەریخستووە، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، وردە وردە لەگەڵ هەر کاژێرێک دواکەوتنی خواردنی ژەمی بەیانی زیاد دەکات.
توێژەران، پێیانوایە ئەم کاریگەرییە پەیوەستە بە کاژێری بایۆلۆژیی جەستەوە، کە دەردانی هۆڕمۆنەکان و وەڵامدانەوەی خانەکان بۆ ئەنسۆلین رێکدەخات.
کاتێک خواردن لەو کاتانەدا دەخورێت کە لەگەڵ کاتە زیندەییەکەدا ناگونجێت، کارایی پڕۆسەکانی زیندەچالاکی کەم دەبێتەوە و بەرگریی ئەنسۆلین زیاد دەکات، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و کۆبوونەوەی چەوری لەناو خوێنبەرەکاندا.
بەگوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی، باشترین کات بۆ خواردنی ژەمی بەیانی لەماوەی یەکەم کاژێری دوای لەخەوهەستاندایە، بەو مەرجەی ژەمەکە هاوسەنگ بێت و پڕۆتین و کاربۆهیدراتی هێواش هەڵمژ و چەوریی تەندروستی تێدابێت.

.png&w=3840&q=75)

