رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی ئەمریکی شتێک ئاشکرا دەکات کە رەنگە ببێتە جێی خەمباری بۆ خەڵکانێکی زۆر و لەهەمان کاتیشدا ببێتە وریاکەرەوەیەک بۆ نیشانەیەکی گرنگی ژیان.
توێژینەوەکە لە زانکۆی شیکاگۆ لە ئەمریکا لەسەر سێ هەزار کەس کرا و دەرکەوتووە کە رەنگە هەستی بۆنکردن ئاماژەیەک بۆ کۆتایی هێنانی تەمەن و ژیان ئاشکرا بکات.
تیمێکی توێژینەوە بە سەرۆکایەتیی د. جایانت پینتۆ، نزیکەی 3000 کەسیان خستە ژێر تاقیکردنەوە، کە تەمەنیان لەنێوان 57 بۆ 85 ساڵ بوو. تاقیکردنەوەکە بریتی بوو لە ناسینەوەی پێنج بۆنی باو کە بریتیبوون لە: نەعنا، ماسی، پرتەقاڵ، گوڵ و پێست. پاشان توێژەران بۆ ماوەی 5 ساڵی تەواو بە وردی چاودێریی دۆخیان کردن.
لە کۆتایی ماوەی بەدواداچوونەکەدا، رێژەی مردن لەنێو ئەو کەسانەی کە بە تەواوی شکستیان هێنابوو لە ناسینەوەی هەر یەکێک لەو پێنج بۆنەدا، گەیشتە 39٪، بەراورد بە 19٪ لەنێو ئەوانەی کە تووشی لاوازیی بەشەکیی بۆنکردن بووبوون و تەنیا 10٪ـیان لەنێو خاوەن هەستی بۆنکردنی ساخدا تۆمار کران.
توێژەران، تێبینیی ئەوەیان کرد کە هێزی ئەم پەیوەندییە لە توانای ژمارەیەک نەخۆشیی درێژخایەنی تێپەڕاندووە لە پێشبینیکردنی مردندا، چونکە لەدەستدانی بۆنکردن پێش پێشبینیی دەستنیشانکردنی پزیشکی وەکو سستبوونی دڵ، شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی سییەکان کەوت، تەنیا زیانی تووندی جگەر لە هێزدا پێشی کەوت.
د. جایانت پینتۆ ئەم دیاردەیە بە "کەناریی ناو کانی خەڵووز" وەسف دەکات، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو رێگە کۆنەی کرێکارانی کانەکان بۆ ئاگاداربوونەوەی زوو لە گازە ژەهراوییە خنکێنەرەکان بەکاریاندەهێنا و روونیکردەوە کە لەدەستدانی هەستی بۆنکردن راستەوخۆ نابێتە هۆی مردن، بەڵکو وەک ئاگادارکەرەوەیەکی زووە بۆ بوونی کێشەیەکی جەستەیی قووڵتر کە پێشوەختە لە سیستمی زیندەییدا روویداوە.
توێژەران پێیانوایە کە پاشەکشەی توانای بۆنکردن لێرەدا رەنگە نیشانەیەکی زوو بێت بۆ تێکچوونی تەندروستیی گشتی لە کۆئەندامی دەماردا، یان نیشانەیەک بێت بۆ دۆخێکی تەندروستیی شاراوە کە هێشتا دەستنیشان نەکراوە، ئەمەش وا دەکات پشکنینی هەستی بۆنکردن ببێتە ئامرازێکی ئەگەریی داهاتوو بۆ زوو دەستنیشانکردنی مەترسییە تەندروستییەکان.



