رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ ئامێرێکی نوێ لەلایەن خێرخوازانەوە بۆ سەنتەری شووشتنی گورچیلەی هەڵەبجە دابین کرا، بەم ئامێرەوە شەش ئامێری نوێ لەلایەن خێرخوازانەوە بۆ سەنتەرەکانی شووشتنی گورچیلە لە هەولێر، سۆران و هەڵەبجە دابین کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-7-2026 ئامێرێک گەیشتە نێو سەنتەری شووشتنەوەی گورچیلە لە هەڵەبجە و بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت: ئامێرەکە تایبەتمەندییەکی بەرزی هەیە و هەر ئەمڕۆ هەڵدەبەسترێت بۆ ئەوەی بەکاربێت.
حاجی سەعد جەلال، خاوەن کۆمپانیای بازرگانیی زێڕ لەنێو بووڵتەنی ئابووریدا باسی کڕینی ئەو ئامێرانەی شووشتنی گورچیلە دەکات و دەڵێت: بە هاوکاریی خێرخوازان و زێڕینگرانی هەولێر توانیمان شەش ئامێری شووشتنی گورچیلە بۆ سەنتەرەکانی شووشتنەوەی گورچیلە دابین بکەین کە ئەمڕۆ دانەیەکیان گەیشتە هەڵەبجە.
تەحسین کەریم، بەڕێوەبەری سەنتەری شووشتنی گورچیلە لە هەڵەبجە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداوی گوت، ''دابینکردنی ئامێر بۆ ئەم سەنتەرە خۆشییەکی گەورەیە، چونکە ئەو نەخۆشانەی کە بەهۆی کارنەکردن و بەردەستنەبوونی ئامێرەوە دەچنە سلێمانی، دەبێت 100 بۆ 150 هەزار دینار خەرج بکەن، ئەمەش سەرەڕای ماندووبوون و بێزاربوونی نەخۆش''.
پڕۆفیسۆر دانا ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە بە رووداوی گوتووە، بەشێکی زۆری نەخۆشەکانی شووشتنی گورچیلە ئەوانەن کە بە هۆکاری جیاواز چاندنی گورچیلەیان بۆ نابێت و ناکرێت نەشتەرگەرییەکە بکەن، هەر بۆیە دەڵێت: ''پێویستە بە بەردەوامی شووشتنی گورچیلەیان بۆ بکرێت، چونکە تاکە رێگەی چارەسەریان، چاندنی گورچیلەیە''.


