رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان باسی توێژینەوەیەکیان دەکات کە لە هەولێر کراوە و رایدەگەیێنێت، ئەو منداڵانەی شیری دایکیان خواردووەتەوە، زیرەکتر بوون لە وانەکانی قوتابخانەیان بەراورد بەو منداڵانەی شیری قوتوویان خواردووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2-8-2026 د. محەممەد حەسەن، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بووڵتەنی کاژێر 14:00دا رایگەیاند، 83.3٪ـی ئەو منداڵانەی لە توێژینەوەکەیاندا وەریان گرتووە، بەهۆی شیری دایکیانەوە زیرەکتر و چالاکترن، بەراورد بەو منداڵانەی شیری قوتوویان پێدراوە.
د. محەممەد حەسەن لەبارەی ئامارەکانی توێژینەوەکە روونی دەکاتەوە، لە ئەنجامی سەردانیکردنی 12 بۆ 15 قوتابخانەی شاری هەولێر، لەڕێگەی پرسیار و وەڵام بە دایکان دراوە و ئەوە دەرخراوە کە منداڵی ئەو دایکانەی لەماوەی دوو ساڵی یەکەمی لەدایکبوونیاندا شیری دایکیان خواردووەتەوە، چالاکتر و زیرەکترن لە وانەکانی قوتابخانە و هەڵسەنگاندنەکانی نێو پۆلیان.
د. محەممەد حەسەن هۆشداری دەداتە دایکان کە لە چوار تاوەکو شەش مانگی یەکەمی تەمەنی کۆرپەکەیان، پێویستە شیری خۆیانی پێبدەن، ئەمە لەکاتێکدایە کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تاوەکو شەش مانگی پێویستە منداڵ تەنیا شیری دایکی بخواتەوە.
جیاوازییەکانی شیری دایک و شیری قوتوو
شیری دایک
1- دژەتەنی تێدایە بۆ بەهێزبوونی بەرگریی جەستە
2- بە ئاسانی هەرسدەکرێت و قەبزی دروستناکات
3- پڕۆتینەکانی ئاسان هەرسدەکرێن
4- مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری کەم دەکاتەوە
5- سرووشتییە و نابێتەهۆی قەڵەوی
6- بەکتریا سوودبەخشەکانی تێدایە
شیری قوتوو
1- دژە تەنی تێدانییە
2- زۆرجار هەرسکردنی قورسە و منداڵ تووشی قەبزی دەکات
3- پڕۆتینەکانی بە قورسی هەرسدەکرێن
4- مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری زیاددەکات
5- دەبێتەهۆی قەڵەوی
6- بەکتریا سوودبەخشەکانی لەنێودا کەمە یاخود نییە

