رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، جگەرە ئەلیکترۆنییەکان ''ڤەیپ'' بێ بەش نین لە نیکۆتین و هەمووان نیکۆتینیان تێدایە، بەجۆرێکیش ئالوودەکەرن کە خێراتر بێت لە جگەرەی ئاسایی.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری JAMA بۆ پزیشکیی دەروونی بڵاو کراوەتەوە و ئاستی کۆتینین لە میزى نەوجەوانە ڤەیپکێشەکاندا لەماوەی چەند مانگێکدا هەڵسەنگاندووە و دەرکەوتووە؛ نزیکەی سێ هێندە بڕەکە زیادی کردووە، کۆتینین یەکێکە لە بەرهەمە سەرەکییەکانی تێکشکانی مادەی نیکۆتین لە جەستەدا.
تیمی توێژینەوەکە بە سەرۆکایەتیی د. شارۆن لێڤی، سەرۆکی بەشی شیاندنەوەی ئالوودەبوون لە نەخۆشخانەی منداڵانی بۆستن لە ئەمریکا، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە "ئەم تەمەنە رووبەڕووی بەرهەمگەلێک دەبنەوە کە چڕیی نیکۆتینیان بەرزترە، یان مادەی زیادکراویان تێدایە کە وا دەکات نیکۆتین بەردەستتر بێت، یان هاندەری بەکارهێنانی زیاتر یان هەڵمژینی قووڵتر بێت''.
لە توێژینەوەکەدا، توێژەران شیکارییان بۆ تۆمارە تەندروستییەکانی زیاتر لە 150 نەخۆش کردووە کە تەمەنیان لەنێوان 13 و 19 ساڵدا بووە. هەموویان لە نەخۆشخانەی منداڵانی بۆستن لەنێوان ساڵانی 2023 و 2025 چارەسەریان بۆ تێکچوونی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان وەرگرتووە، ئەمەش زیاتر لە 1900 ئەنجامی پشکنینی میزی هەرزەکارانی لەخۆگرتبوو.
ئەنجامەکان دەریانخست، تێکڕای بەرزترین چڕی کۆتینین لە میزی ئەو نەوجەوانانەی ڤەیپکێش بوون بەپێی کات بەرز بووەتەوە، لە نزیکەی 1062 نانۆگرام بۆ هەر ملیلیترێک بۆ زیاتر لە 2959 نانۆگرام بۆ هەر ملیلیترێک، لەکاتێکدا ئاستی ئاسایی دەبێت کەمتر لە 10 نانۆگرام بۆ هەر میلیلیترێک بێت بۆ کەسی جگەرەنەکێش و بۆ جگەرەکێشەکانیش 30 تاوەکو 500 نانۆگرام بۆ هەر میلیلیترێک بێت.
ئەمەش بزانە
مادەی کۆتینین لەئەنجامی تێکشکاندنی نیکۆتین دروستدەبێت، ئاماژەیەکی نایابە بۆ زانینی رێژەی نیکۆتین لە جەستەدا کە دەشێت ماوەدرێژ ببێتە هۆی (سەرئێشە، سەرسووڕان، کەمبوونەوەی توانای بیرکردنەوە، لاوازبوونی یادگە و لەبیرچوونەوە).
5 مادەی مەترسیداری نێو ڤەیپ
1- نیکۆتین
* نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* لاوازیی بیرکردنەوە و بیرچوونەوە
* هەوکردنی سیکڵدانۆچکەکانی سییەکان
2- بەنزین
* شێرپەنجە
* نەزۆکی
* تێکچوونی سووڕی مانگانە
3- ئەکرۆلین
* نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* لینجە مادە (بەڵغەم)
* هەستیاری
4- ئەلدیهایدەکان
* شێرپەنجەی خوێن
* هەستیاری و هەوکردنی قوڕگ
* برینداربوونی ناوپۆشی دەم و لووت
5- پڕۆپلین ئەلکحول
* دژەبەستن
* هەستیاریی چاو، قوڕگ و لووت
* پەککەوتنی گورچیلەکان


