رووداو - تەندروستی
خانمێکی دووگیانی تەمەن 25 ساڵ، تووشی ژانی سک دەبێت و دەستبەجێ لەگەڵ هاوژینەکەی بە ماتۆڕسکیل بەرەو نەخۆشخانە بە ماتۆڕسکیل بەڕێدەکەون، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە نەخۆشخانە، خانمەکە هەر بە سەر ماتۆڕەکەیانەوە منداڵی دەبێت.
ئەم بابەتە میدیاکانی ڤێتنامی تینیوە و بەپێی نەخۆشخانەکە، ئەو خانمە لە هەفتەی 32ی دووگیانیدا بووە، واتە نزیکەی هەشت مانگ، لە ڤیدیۆکانیشدا دیارە کە لەکاتی گەیشتنی ژنەکە و هاوژینەکەی بە ماتۆڕ، منداڵەکەیان پێیە کە هێشتا ناوکەپەتکی نەبڕاوە.
شلە لەسەر کورسیی ماتۆڕەکەیە و ناوکەپەتک کۆرپەکە و دایکەکەی بەستیوەتەوە بە یەک، دایکەکەش هەر لەبەردەم نەخۆشخانەکە تووشی شۆک بووە. دواتر پزیشکان و ستافی نەخۆشخانەکە لێی کۆدەبنەوە و دەیبەنە سەر تەختێک بۆ ئەوەی منداڵەکەی بە ئاسوودەیی لەباوەش بگرێت.
ئەو منداڵە کوڕە و کێشی نزیکەی دوو کیلۆگرامە. پزیشکانیش هەمیشە خانمان ئاگادار دەکەنەوە کە لەکاتی هەستکردن بە هەر گۆڕانکارییەک لە هەفتەکانی کۆتایی ماوەی دووگیانیدا، ئاگادار بن و بە زووترین کات بچنە نزیکترین بنکە و نەخۆشخانەی منداڵبوون.


