رووداو - تەندروستی
توێژەرانی چین دۆزیویانەتەوە کە گوڵێکی کێوی لە شاخە بەردینەکانی باشووری رۆژئاوای چین گەشە دەکات و نێچیرەکانی بۆ لای مووە لینجەکانی رادەکێشێت، پاشان جەستەیان هەرس دەکات و مادە خۆراکییەکانیان دەمژێت.
ئەم گوڵە کە ناوی زانستیی (Saxifraga candelabrum)ـە، لە زمانی کوریدا بە گشتی رووەکەکانی ئەم رەگەزە بە شکێنەری بەرد ناسراوە. یەکەم رووەک لە گرووپەکەیدا کە پشتڕاستکرایەوە گۆشتخۆرە. گوڵەکە سەر بە گرووپێکی رووەکییە بە ناوی (Saxifragales) کە زیاتر لە دوو هەزار جۆر لەخۆدەگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5-8-2026 د. سەحەر حوسێن، توێژەری بواری رووەک و مامۆستای زانکۆ بە رووداوی راگەیاند، ئەو جۆرە گوڵە لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام جۆرێکی دیکەی زۆر باوە کە پێی دەڵێن ''Saxifraga tridactylites'' و بەوە بەناوبانگە کە ''بەردی گورچیلە و بەردی زراوی پێدەشکێندرێت''.
ئەم رووەکەی لە توێژینەوەکەی چیندا باس کراوە تاکە جۆری رووەکە لە خێزانی رووەکخۆرەکان کە دەتوانێت گۆشتیش هەرس بکات و لە بانەکانی چینگهای-تبت و چیاکانی هێنگدوان لە چین گەشە دەکات، ناوچەکانی بڵاوبوونەوەی لە نێوەڕاست و باکووری هەرێمی یوونانەوە تاوەکو باشووری رۆژئاوای سیچوان لە بەرزایی نێوان 2500 بۆ 3300 مەتر درێژ دەبێتەوە. مووی لینجی سوورباوی هەیە کە بۆ گرتنی مێرووە بچووکەکان کار دەکات.
هانگ سون، پرۆفیسۆری توێژینەوەکە لە پەیمانگەی کونمینگ بۆ رووەکناسی سەر بە ئەکادیمیای زانستیی چین دەڵێت، "چەندین تاقیکردنەوەمان لەسەر ئەم رووەکە کرد و دواجار دڵنیابووینەوە کە بەڕاستی رووەکێکی مێرووخۆرە".
تاقیکردنەوەکە چۆن کرا؟
بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا رووەکەکە بەڕاستی خۆی بە مێرووەکان خۆراک دەدات، توێژەران مێشی میوەیان بەکارهێنا کە لەسەر خۆراکێک پەروەردە کرابوون کە جۆرێکی جێگیری نایترۆجینی تێدابوو.
سون گوتی: "نایترۆجین بۆ گەشەی رووەکەکان پێویستە. زۆربەی رووەکە گۆشتخۆرەکان لە ژینگەی هەژار بە نایترۆجین دەژین، و لە رێگەی راوکردن و هەرسکردنی مێرووەکانەوە نایترۆجین بەدەستدەهێنن". دوای دانانی مێشەکان لەسەر مووە لینجەکان، توێژەران بەدواداچوونیان بۆ جووڵەی نایترۆجین لەناو رووەکەکەدا کرد.
ئەمە ئەو رووەکەیە کە لەو خێزانەیە، بەڵام بە جۆرێکی دیکە و لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.




