رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئێرلاند دەریدەخات، کەمیی ڤیتامین D لە گەنجیدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی ئەڵزهایمەر لە پیریدا زیاد دەکات.
توێژەرانی زانکۆی گاڵوێی لە ئێرلاند زانیارییەکانی 793 بەشداربووی تێدا شیکار کرا بۆماوەی 16 ساڵ و دەرکەوت، ئەوانەی لە تەمەنە ناوەندییەکانن و ڤیتامین Dـیان ئاساییە، کەمتر پڕۆتینی بەرپرس لە دروستبوونی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر دروستبووە، بەراورد بەوانەی ڤیتامین Dـیان کەم بووە.
هەرچەندە توێژینەوەکە ئەوە ناسەلمێنێت کە ئاستی ڤیتامین دی، ئاستی پڕۆتینی تاو واتە ئەو پڕۆتینەی کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکات، لە مێشکدا یان مەترسیی تووشبوون بە ئەڵزهایمەر کەم دەکاتەوە؛ بەڵکو تەنیا پەیوەندییەک نیشان دەدات.
ئەنجامەکان ئەمڕۆ لە گۆڤاری Neurology Open Access بڵاوکراونەتەوە، کە گۆڤارێکی فەرمیی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ زانستی دەمارە.
پڕۆفیسۆر ئیمەر مکگراس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ڤیتامین دی لە نێوەڕاستی تەمەندا دەکرێت فاکتەرێکی گرنگ بێت بۆ پاراستنی تەندروستیی مێشک لە داهاتوودا.
ئەوەش باس دەکرێت کە هەرچەندە ئەم ئەنجامانە زۆر سەرنجڕاکێشن، بەڵام تەنیا پەیوەندیی نێوان ڤیتامین دی و نیشانە سەرەتاییەکانی لەبیرچوونەوە لەگۆڕانکارییەکانی مێشکدا نیشان دەدەن. پێویستە توێژینەوەی زیاتر، بۆ نموونە تاقیکردنەوەی کلینیکی، ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی دیاری بکرێت ئاخۆ تەواوکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامین دی دەتوانن رێگری لە ئەڵزهایمەر بکەن یان نا.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەلزەهایمەر باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیە کە خانەکانی مێشک دەپووکێنەوە و لاوازدەبن، بەمەش چەند نیشانەیەک بە کورتخایەن و درێژخایەنی دەردەکەون.
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر کەم دەکەنەوە؛
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن
- راهێنانی مێشک
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
نیشانەکانی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر؛
- بیرچوونەوەی زانیاری و رووداوەکان
- تێکچوونی هاوسەنگیی رۆیشتن
- قورسی لە گێڕانەوەی رووداوەکان
- گۆڕانکاری لە رەفتارەکان
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
- لاوازیی بڕیاردان
- پەیوەستنەبوون بە کات
- بەجێهێشتنی کەلوپەلەکان
- دانانی کەلوپەل لە شوێنی نەگونجاو



