رووداو- تەندروستی توێژینەوەیەک لە چین دەریخستووە کە هیچ جۆرێکی دیاریکراوی وەرزش بە تەنیا ناتوانێت هەموو لایەنەکانی کۆنیشانەی زیندەچالاکییەکان چارەسەر بکات، بەڵکو کاریگەریی وەرزشەکان بەپێی ئەو ئامانجە تەندروستییە دەگۆڕێت کە کەسەکە دەیەوێت پێی بگات. توێژەران لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی نۆرمەڵی پەکین لە وڵاتی چین شیکارییان بۆ نزیکەی 3 هەزار بەشداربوو کردووە و کاریگەریی 10 جۆری جیاوازی وەرزشیان بەراورد کردووە، دەرکەوتووە: - بۆ کێشی جەستە، قەبارەی کەمەر و شەکری خوێن: تێکەڵەی وەرزشی هەوایی (وەک راکردن و مەلە) و وەرزشی هێز (وەک بەرزکردنەوەی قورسایی) بە کاریگەرترین دادەنرێت. - بۆ کەمکردنەوەی رێژەی چەوریی جەستە: وەرزشی چڕی ماوەیی قەبارە بەرز (HV-HIIT) وەکو راکردنی خێرا، پاسکیل سواری و سکواد باشترین ئەنجامی هەبووە. - بۆ کۆلیسترۆڵی گشتی و چەوریی سیانی: وەرزشی چڕی ماوەیی قەبارە نزم (LV-HIIT) وەک راکردنی خێرای ماوەکورت و بازدانی بەرز کاریگەرترین بووە. - بۆ بەرزیی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵی باش (HDL): وەرزشە چینییە باوەکان، وەک "تای چی"، زۆرترین سوودیان هەبووە. د. یاقی شوێ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند: "پێویستە وەرزش بەگوێرەی گرفتە کەسییەکان هەڵبژێردرێن." د. یاقی شوێ ئامۆژگاریی خەڵکی دەکات و دەڵیت "سەرەتا لە رێگەی پزیشکی پسپۆڕەوە هۆکارە سەرەکییەکانی مەترسیی تەندروستی دەستنیشان بکرێت و دواتر بەپێی ئەو زانیارییانە، جۆری وەرزشی گونجاو هەڵبژێردرێت" کۆنیشانەی زیندەچالاکییەکان، کۆمەڵێک هۆکاری مەترسین وەک بەرزیی پەستانی خوێن، بەرزیی شەکری خوێن، ناڕێکیی ئاستی چەورییەکان و قەڵەویی ورگ، کە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دووەم زیاد دەکەن.