رووداو-تەندروستی
توێژەران لە ئەمریکا، بۆ یەکەمجار مۆدێلێکی زیرەکیی دەستکردیان بەکارهێنا بۆ دروستکردنی ڤایرۆسێکی نوێ کە پێشتر هەرگیز لە سروشتدا بوونیان نەبووە.
توێژەران لە زانکۆی ستانفۆرد لە ئەمریکا مۆدێلێکی زیرەکیی دەستکردیان بە ناوی "Evo" راهێنا لەسەر شیکردنەوەی زیاتر لە 9 تریلیۆن نوکلیۆتید (یەکەی پێکهێنەری DNA) کە لە ملیۆنان زیندەوەری وەک ئاژەڵ، رووەک و میکرۆب وەرگیراون. ئەمەش وایکردووە کە مۆدێلەکە لە شێوازی پێکەوەبەستنی بۆماوەیی تێبگات.
بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە، توێژەرانی زانکۆ ئەمریکییەکە سەرنجیان خستە سەر ڤایرۆسێک بە ناوی Phi X-174 کە زیاتر لە 100 ساڵە ناسراوە و تەنیا هێرش دەکاتە سەر بەکتریای E. coli، دوای ئەوەی زیرەکییە دەستکردەکە لە جینۆمی ئەم ڤایرۆسە و نزیکەی 15 هەزار لە خزمەکانی کۆڵییەوە، نزیکەی 700 هەزار جینۆمی نوێی پێشنیاز کرد.
توێژەران، 285 لەو جینۆمە پێشنیازکراوانەیان هەڵبژارد و لە تاقیگەدا دروستیان کردنەوە، لە ئەنجامدا، 16یان بوونە ڤایرۆسی زیندوو و کارا کە پێشتر لە سروشتدا بوونیان نەبووە، ئەم ڤایرۆسە نوێیانە، هاوشێوەی ڤایرۆسە سەرەکییەکە، هێرشیان کردە سەر بەکتریای E. coli و دەستیان بە زۆربوون کرد، توانیان ئەو بەکتریایانە لەناوببەن کە بەرگرییان بەرامبەر ڤایرۆسە سروشتییەکە پەیدا کردبوو.
د. ساموێل کینگ سەرپەرشتیاری توێژینەوکە لە زانکۆی ستانفۆرد جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەو ڤایرۆسە نوێیانە بە تەواوی بۆ مرۆڤ بێ زیانن.



