رووداو- تەندروستی
پسپۆڕان لە پەیمانگای تەکنەلۆژیی کالیفۆرنیا (Caltech) پێوەرێکی نوێیان داهێناوە کە لە رێگەی شیکردنەوەی ئارەقەوە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەردەوام ئاستی کۆلیسترۆڵ و چەورییە سیانییەکان (triglycerides) بپێوێت.
پسپۆڕانی زانکۆ ئەمریکییەکە ئاشکرای دەکەن کە ئەم پێوەرە نوێیە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە (machine learning) ئاستی چەوریی نێو خوێن بە پشت بەستن بە پێوانی ئارەق دەخەمڵێنێت، مۆدێلەکە چەندین هۆکاری فیزیۆلۆژی وەک هاوکۆلکەی بارستایی خەستە (BMI)، رەگەز و رێژەی ئارەقکردنەوە لەبەرچاو دەگرێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی ورد بدات بەدەستەوە.
پرۆفیسۆر د. وێی گاۆ، لە بەشی ئەندازیاریی پزیشکیی کالیفۆرنیا، رایانگەیاند کە ئەم ئامێرە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە پێدانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە سەبارەت بە نەخۆشییەکانی دڵ، خوێنبەرەکان و شەکرە.
پرۆفیسۆر د. گاۆ دەڵێت: "زۆر کەس بە بەردەوامی پشکنینی خوێن ناکەن، بۆیە ئەم رێگە نوێیە گرنگییەکی زۆری دەبێت."



