رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمەریکا (CDC) رایگەیاند، وەرزی پاییز و زستان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و دابەزینی پلەکانی گەرما، گونجاوترین کاتە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان، هاوکات باشترین کات بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا مانگەکانی 9 و 10ـە.
بەگوێرەی سەنتەرەکە، جەستە پێویستی بە نزیکەی دوو هەفتە هەیە بۆ ئەوەی بەرگریی پێویست دژی ڤایرۆسەکە دروست بکات، بۆیە وەرگرتنی ڤاکسین لە مانگەکانی 9 و 10 دڵنیایی دەدات کە بەرگرییەکە پێش لوتکەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە چالاک دەبێت. ناوەندەکە جەخت لەوەدەکاتەوە کە پێویستە کەسانی سەروو تەمەنی 65 ساڵ، خانمانی دووگیان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، ڤاکسینەکە وەربگرن.
ناوەندەکە رێنوێنی دەداتە هاونیشتمانییان بە ئەنجامدانی:
- وەرگرتنی ڤاکسینی ساڵانەی ئەنفلوەنزا، بەتایبەت بۆ کەسانی بەساڵداچوو و خاوەن نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
- لە کاتی تووشبوون بە نیشانەکانی سەرمابوون یان تا، باشترە نەخۆش لە ماڵەوە بمێنێتەوە تاوەکو ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی دەوروبەری نەگوازێتەوە.
CDC ئاشکرای دەکات کە سەرمابوون خۆی نابێتە هۆی تووشبوون بە پەتا، بەڵکو دابەزینی پلەکانی گەرما و وشکبوونەوەی هەوا، دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگریی کۆئەندامی هەناسەدان لە لووت و قوڕگدا. ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکان بە ئاسانی بچنە ناو جەستە و مرۆڤ تووشی نەخۆشی بکەن.
.png&w=3840&q=75)


.png&w=3840&q=75)