رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەستپێشخەرییەکی جیهانیی بۆ کەمکردنەوەی گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی مەمک راگەیاند و ئامانجیەتی ساڵانە رێژەی گیانلەدەستدان بەم نەخۆشییە بە رێژەی 2.5٪ کەمبکاتەوە.
بەگوێرەی رێکخراوەکە، شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا و هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی خانمانە، هەروەها کاریگەریی زیاتری لەسەر وڵاتانی کەمداهات و مامناوەند هەیە.
ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخەن، لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 تێکڕای رێژەی مانەوە لە ژیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوای تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەسەر ئاستی جیهان 77.8٪ بووە، ئەم رێژەیە لە وڵاتانی دەوڵەمەنددا 87.3٪ بووە، بەڵام لە وڵاتانی کەمداهات 41.9٪ و لە وڵاتانی مامناوەند 60.1٪ بووە.
دەستپێشخەرییەکە کە لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووە، ئامانجیەتی لە ماوەی 20 ساڵدا گیانی 2.5 ملیۆن کەس لە مردن رزگار بکات. ئەمەش لەڕێگەی سێ پایەی سەرەکییەوە دەبێت کە بریتین لە: هۆشیاریی تەندروستی بۆ دەستنیشانکردنی زوو، دەستنیشانکردنی لە کاتی خۆیدا و چارەسەری گشتگیر.
لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رێنوێنی پێشکێش بە حکومەتەکان دەکات بۆ بەهێزکردنی سیستەمی پشکنین، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک.


