رووداو - تەندروستی
بەپێی پسپۆڕانی شێرپەنجە لە مایۆکلینیک، ساڵانە زیاتر لە 2,500 پیاو لە ئەمریکا تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن، کە نزیکەی 1%ی هەموو تووشبووانی نەخۆشییەکە پێکدەهێنن.
مایۆکلینیک ئاماژە بەوە دەدات کە چەند جۆرێک لە پیاوان زیاتر لە مەترسیدان، لەوانە پیاوانی بەتەمەن، ئەوانەی کەسێکی نزیکیان لە خێزاندا تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە و ئەوانەی پێشتر چارەسەری تیشکیان بۆ بەشی سنگیان وەرگرتووە.
پسپۆڕان روونیدەکەنەوە، دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لەڕێگەی پشکنینی پزیشکی، مەمۆگرام، سۆنەر و وەرگرتنی نموونە لە شانەی مەمک (biopsy) دەبێت. چارەسەرەکەش بەپێی قۆناخی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت و زۆرجار نەشتەرگەریی لابردنی تەواوی مەمک، چارەسەری کیمیایی، تیشک، یان هۆڕمۆنی لەخۆدەگرێت.
شارەزایانی مایۆکلینیک جەخت لەوە دەکەنەوە، دەستنیشانکردنی زوو کلیلی سەرکەوتنی چارەسەرە، بۆیە پێویستە پیاوان لەکاتی هەستکردن بە هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی لە مەمک یان سنگیاندا، دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکەن.


