رووداو - تەندروستی
تیمێکی پزیشکی و تەندروستی لە نەخۆشخانەی فێرکاری رزگاری لە هەولێر، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوویان ئەنجامدا بۆ دەرهێنانی بەردێکی زۆر گەورە لە میزڵدانی نەخۆشێک.
ئەمڕۆ سێشەممە د. نیهاد رەفعەت، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ بە رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی نەخۆشێک دەچێتە لای پزیشکی هەناو و گورچیلە، تێبینی ئەوە دەکەن کە رێژەی کریاتینینی بۆتە سێ ئەمەش وایکرد رەوانەی پزیشکی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆی بکەن.
د.نیهاد دەڵێت "نەخۆشێکی سەروو 70 ساڵ کاتێک هات بۆ لای ئێمە تووشی گەورەبوونی پڕۆستات بووبوو لەگەڵ ئەوە کاتێک سۆنەرمان کرد بەردێکی گەورە لە میزڵدانی هەبوو، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەردێکی 5 سانتیمەترمان دەرهێنا بەشێوەی هەڵدرین کە هەڵدرینەکە 4 سانتیمەتر بوو، نەشتەرگەرییەکەش 50 خولەکی کات خایاندووە، ئێستا نەخۆشەکە بارودۆخی جێگیرە"
د. نیهاد رێنوێنی دەدات، ئەگەر کەسێک لە ماڵباتەکەی بەهۆی بۆماوەیی بەردی گورچیلەیان هەبێت، پێویستە هەموو سێ مانگ جارێک سۆنەر بکرێت و لەگەڵ ئەوەش خۆپارێزی ئەنجام بدرێت.
نەخۆشخانەی فێرکاری رزگاری جەخت لەوە دەکاتەوە، بە پشتبەستن بە توانای پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییە پسپۆڕییەکان و خزمەتکردنی نەخۆشان.


