رووداو - تەندروستی
پزیشکانی راوێژکار لە ئینگلاند مانگی داهاتوو بۆماوەی دوو رۆژ ماندەگرن، ئەمەش بەهۆی ناکۆکی لەسەر مووچە و بارودۆخی کارکردنیان.
مانگرتنەکە لە کاژێر 7:00ـی بەیانیی رۆژی 25ـی تشرینی دووەم دەستپێدەکات و پزیشکانی راوێژکار تەنیا لە بەشەکانی فریاکەوتن دەوام دەکەن.
ئەم جۆرە کارکردنە بە "خزمەتگوزاریی رۆژی کریسمس" ناسراوە و ئەگەری هەیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر زۆربەی خزمەتگوزارییە ئاساییەکان و هەڵبژاردەییەکان یان پلان بۆ داڕێژراوەکان هەبێت، راگەیێندراوەکە دوای ئەوە دێت کە لەماوەی مانگی رابردوودا گفتوگۆ لەگەڵ حکومەت بەڕێوەچووە.
ئەمساڵ مووچەی پزیشکانی راوێژکار کە باڵاترین پزیشکن لە نەخۆشخانەکاندا، بە رێژەی 3.5٪ زیاد کرا، بەڵام سەندیکای پزیشکانی بەریتانیا دەڵێت، لەماوەی 17 ساڵی رابردوودا مووچەکەیان بە رێژەی چارەکێک دابەزیوە، کاتێک هەڵاوسان لەبەرچاو دەگیرێت.
هەروەها سەندیکاکە داوای کەمکردنەوەی هەفتەی کاری ستاندارد دەکات لە 40 کاژێرەوە بۆ 35 کاژێر، لەگەڵ بەرزکردنەوەی کرێی کارکردن لە دەرەوەی کاتی دەوامی فەرمی، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکاری لە سیستمی خانەنشینی، لەوانەش نەرمیی زیاتر لە کاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیدا.
ئیڤێت کوپەر، سکرتێری تەندروستی و چاودێریی کۆمەڵایەتیی بەریتانیا دەڵێت: حکومەت لە "گفتوگۆی بنیاتنەرانە"دا بووە لەگەڵ سەندیکای پزیشکانی بەریتانیا، بۆیە "جێگەی نیگەرانییە" کە وادەی مانگرتنەکە راگەیێندراوە.
گوتیشی، مانگرتن کارێکی "نابەرپرسانە" دەبێت و "خزمەتگوزاریی تەندروستی دەخاتە ژێر گوشارێکی زیاترەوە''.
پزیشکانی راوێژکار دواجار لە ساڵی 2023 لە ئینگلاند مانیانگرت.
مووچەی پزیشکانی راوێژکار لە بەریتانیا
- تێکڕای داهاتی پزیشکانی راوێژکار لە ساڵێکدا دەگاتە سەرووی 150,000 پاوەند.
- مووچەی بنەڕەتییان لە 113,500 پاوەندەوە دەستپێدەکات و ئەوانەی ئەزموونیان زۆرە 150,500 پاوەند وەردەگرن.
- زۆرێکیان دەیان هەزار پاوەندی دیکە وەکو پارەی زیادە و خەڵات وەردەگرن.


