رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی نۆتینگهام لە بەریتانیا دەریدەخات، یەک وانە بۆ فێربوونی ژەنینی کەمانچە شێوازی شەپۆلەکانی مێشک دەگۆڕێت و کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر شێوازی کارکردنی دادەنێت.
د.ماسیۆ بروکس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت، "ئەنجامەکان تێگەیشتنێکی زیاتر لەبارەی فێربوونی جووڵەیی دەدەن بەدەستەوە، هەروەها جێی سەرنجە کە هەندێک لەو کاریگەرییانەی لێرە دەیانپێوین لەو کاریگەرییانەن کە لەوانەیە لەبیرچوونەوە کاریان تێبکات."
لە توێژینەوەکەدا زانایانی زانکۆی نۆتینگهام سکانەرێکی نوێیان بەکارهێنا بەناوی (OPM-MEG) کە کڵاوێکی لەگەڵدایە و رێگە دەدات نیشانە کارەباییەکانی مێشک بپێورێن و کارەکانی مێشک دیاری بکرێن لەکاتێکدا کەسەکە کارە ئاساییەکانی خۆی دەکات.
لە توێژینەوەکەدا 22 ژەنیار بەژداریان کرد، سکانی وێنەی مێشکیان لە پێش وەرگرتنی وانەی کەمانچە و لە دوای وەرگرتنی وانەکە تۆمارکرا، دەرکەوتووە ئەو بەشداربووانەی کە زۆرترین گۆڕانکارییان لە شەپۆلەکانی مێشکیان هەبووە پێش و دوای وانەی کەمانچەکە، زۆرترین پێشکەوتنیشیان لە توانای ژەنینیاندا بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بیرچوونەوە حەوتەمین هۆکاری سەرەکیی مردنە لەسەر ئاستی جیهان.



