رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئۆکلاهۆما لە ئەمریکا، مۆدێلێک پێشنیاز دەکات بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری بەردەوامیی کابووس لە منداڵاندا و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی لە رێگەی فێرکردنیان بەسەر زاڵبوونی.
لیزا کرۆمەر راوێژکاری تاکە کەسی و سەرپەرشتیاری سەرەکی تویژینەوەکە دەڵێت: مۆدێلێکی نوێمان بە ناوی (DARC-NESS) خستووەتەڕوو کە تێیدا هۆکارەکانی گیریخواردنی منداڵ لە کابووسی درێژخایەندا روونکراوەتەوە.
لیزا کرۆمەر، دەڵێت، "وەڵامدانەوەی منداڵ بۆ کابووس بە بەردەوامی دەبێتە هۆی دروستبوونی کابووسی درێژخایەن، ئەمەش واتە ئەگەر بتوانین فێربین بە شێوەیەکی جیاواز وەڵامی کابووسەکان بدەینەوە، ئەوا دەتوانین ئەو بازنەیە تێکبشکێنین."
مۆدێلەکە تەنیا سەرنجی لەسەر ناوەڕۆکی کابووس نییە، بەڵکو هانی پزیشکان دەدات کە سەیری کۆمەڵێک هۆکاری بەرفراوانتر بکەن، لەوانە شێوازی لێکدانەوەی منداڵ بۆ خەونەکە، نیگەرانییەکانی پێش خەوتن و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی دوای بەخەبەرهاتن.
ئەم مۆدێلە بۆ یارمەتیدانی ئەو منداڵانە دروستکراوە کە سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەری دەروونی بۆ ماوەیەکی درێژ، هێشتا بەدەست کابووسی بەردەوامەوە دەناڵێنن، ئامانجە سەرەکییەکەی ئەوەیە کە منداڵان فێرببن چۆن بازنەی کابووسەکان تێکبشکێنن و هەستی کۆنترۆڵکردن و زاڵبوون بەسەر کابووسەکانیاندا بەدەستبهێننەوە.
مۆدێلی (DARC-NESS) لە چەند بەشێکی سەرەکی پێکدێت کە پێکەوە کاردەکەن بۆ تێگەیشتن و چارەسەرکردنی کابووس، کە ئەمانەن:
D - ناوەڕۆکی خەون (کابووس): گێڕانەوە، بابەتی سەرەکی، یان وێنە ناخۆشەکانی ناو خەونەکە.
A - لێکدانەوە: شێوازی لێکدانەوە یان هەڵسەنگاندنی منداڵ بۆ کابووسەکە و ماناکەی دوای بەخەبەرهاتن.
R - توانای خۆڕێکخستن: توانای ناوەکی و دەرەکیی منداڵ بۆ خۆهێورکردنەوە و ئارامکردنەوەی خۆی دوای بەخەبەرهاتن.
C - وروژاندنی مەرجدار: ترسی جەستەیی و دەروونی کە پەیوەستە بە کاتی خەوتنەوە.
N - کاریگەریی زاڵبوون بەسەر کابووسدا: چەقی سەرەکیی مۆدێلەکە؛ هەستی زاڵبوون و باوەڕی منداڵ بەوەی کە دەتوانێت بازنەی کابووسەکە بگۆڕێت یان رووبەڕووی ببێتەوە.
E - پاکوخاوێنی و شێوازی خەو: خوو و رۆتینی رۆژانە و شەوانە و رێکخستنی کاتەکانی خەو.
SS - بڕ و کوالیتیی خەو: کۆی گشتیی بڕی خەو و قووڵیی پشوودانی منداڵ لە کاتی خەودا.


