رووداو - تەندروستی
د. عەبدولسەید، بەربژێری دەرچووی دیموکراتەکان بۆ ئەنجوومەنی پیران کە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 دەنگی بەدەستهێنا؛ ناوی تەواوی عەبدولڕەحمان محەممەد سەیدە و پێشووتر بەڕێوەبەری تەندروستیی ناوچەی وەین بوو لە ویلایەتی میشیگن.
عەبدولڕەحمان، لەسەر ئاستی ئەمریکا وەک شارەزایەک لە بواری باشترکردنی سیستمی تەندروستیی ئەمریکادا ناسراوە و نووسەری کتێبی "بیمەی تەندروستی بۆ هەمووان: رێبەریی هاووڵاتی"یە، کە تێیدا شێوازی بنیاتنانی سیستمێکی تەندروستی روون کردووەتەوە کە بیمەیەکی تەندروستیی کواڵیتیی بەرز و بە نرخێکی گونجاو بۆ هەموو ئەمریکییەک مسۆگەر دەکات. لە ساڵی 2020، بۆ تیمی ئەرکی یەکێتیی سەرۆک بایدن بۆ کاروباری تەندروستی هەڵبژێردرا و یارمەتیدەر بوو لە داڕشتنی ئەو سیاسەتانەی کە ئەمڕۆ نرخی دەرمان دادەبەزێنن.
ئەو لە باشووری رۆژهەڵاتی میشیگان لەدایکبووە و گەورە بووە و شانازی بەوەوە دەکات کە لە قوتابخانە حکومییەکان خوێندوویەتی و کاپتنی تیمەکانی تۆپی پێ، زۆرانبازی و لاکرۆسی ئامادەییەکەی بووە. عەبدولڕەحمان لەلایەن محەممەدی باوکی کە کۆچبەرێکی میسرییە و جاکیی زڕدایکی پەروەردە کراوە. ئەو بڕوانامەی پزیشکی تەندروستیی گشتی لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە چوارچێوەی هاوکارییەکدا کە لەلایەن پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستییەوە (NIH) پاڵپشتی دەکرا، بەدەستهێناوە. پاشان لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بڕوانامەی دکتۆرای لە تەندروستیی گشتیدا بەدەستهێنا.
گرنگترین کارەکانی لە کەرتی تەندروستیدا؛
- بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دیترۆیتی سەرلەنوێ بنیاتنایەوە. پاشان، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی، خزمەتگوزارییە مرۆییەکان و دێرینە جەنگاوەرەکانی ناوچەی وەینی ویلایەتی میشیگنی داڕشتەوە، کە خزمەتی بە 1.8 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ویلایەتەکە دەکرد.
- چاویلکەی بێبەرامبەری بۆ ئەو منداڵانە دابینکرد کە پێویستیان پێی بوو.
- پشکنینی ئاوی قوتابخانە سەرەتاییەکانی راگەیاند بۆ بنبڕکردنی پیسبوونی ئاو.
- دەرمانی چارەسەری ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکانی بۆ هەمووان بەردەست کرد کە ناوە بازرگانییەکەی Narcanـە.
- سەرپەرشتیی پڕۆگرامێکی کرد کە لەماوەی دوو ساڵدا بڕی 700 ملیۆن دۆلار قەرزی پزیشکیی نزیکەی 300 هەزار کەس لە دانیشتووانی میشیگن دەسڕێتەوە.
عەبدولسەید دەڵێت ''کاری سیاسەت زۆر لە پزیشکییەوە نزیکە، چونکە دەبێت هاوشێوەی پزیشک بۆ نەخۆشەکەی، سیاسییەکانیش گوێ بۆ خەڵک بگرن''.
ئێستا عەبدولسەید، لەگەڵ سارای هاوژینی دوو کچیان هەیە بە ناوەکانی ئیمالی و سیرین، لە شاری ئان ئاربۆر دەژین و لە کۆتا قسەیدا بۆ خەڵک دوای هەڵبژاردنەکان گوتی "ئێوە دەرفەتتان بە بەربژێرێک دا کە کەمترین چانسی هەبوو، بۆیە سوپاس بۆ ئێوە. ئەم سەرکەوتنە تەواو هی خۆتانە. خەڵکی میشیگن، ناتوانم چاوەڕێ بم تاوەکو بە هەمان دڵفراوانی و هزری کراوە و ورەبەرز و دڵسۆزییەوە خزمەتتان بکەم''.


.jpeg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)