رووداو - تەندروستی
لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی لە ئەمریکا دەریخستووە، بەکارهێنانی دەرمانەکانی چارەسەری میزڵدانی زێدەچالاک، مەترسیی تووشبوون بە ئەڵزەهایمەر و لەبیرچوونەوە زیاد ناکات.
د. دەیڤد شین لە نەخۆشخانەی زانکۆی کلیڤلاند دەریدەخات، سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی کردووە کە پشکنین بۆ ئاماری بەکارهێنەرانی دەرمانی چارەسەری میزڵدانی کراوە وەک (میزەچۆڕکێ). توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە مەترسییەکانی پێشووتری پەیوەست بەم دەرمانانە، رەنگە بەهۆی هۆکاری وەک تەمەن یان نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەوە بووبێت، نەک کاریگەریی راستەوخۆی دەرمانەکە لەسەر مێشک.
بەپێی توێژینەوەی ئەم پزیشکەی زانکۆی کلیڤلاند، دەرمانەکانی وەک ئۆکسیبوتینین و تۆلتیرۆدین نابنە هۆی لاوازبوونی یادەوەری و زیادکردنی مەترسیی ئەڵزەهایمەر لە بەساڵاچوواندا.
پزیشکان رێنوێنی نەخۆشەکان دەکەن، بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانەکانیان نەوەستێنن و بەردەوام بن لە وەرگرتنی چارەسەرەکانیان.



