رووداو - تەندروستی
زۆر کەس دوای ژەمی ئێوارە ئارەزووی خواردنی سووکەژەمەییان هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش، پسپۆڕان هۆکارە بایۆلۆژی و دەروونییەکانی ئەم دیاردەیە رووندەکەنەوە و رێنوێنی بۆ کۆنترۆڵکردنی دەخەنەڕوو.
توێژینەوەییەک لە زانکۆی باس لە بەریتانیا دەریدەخات کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خەڵکی هەموو شەوێک دوای ژەمی ئێوارە سووکەژەم دەخۆن. د. کریستین بۆلیو، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت، ئەمە ئەگەری زیادبوونی کێش و قەڵەوی زیاتر دەکات.
پرۆفیسۆر د. جەیمس بێتس، لە زانکۆی باس و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، هۆکاری سەرەکی برسێتی شەوانە ئەوەیە کە هۆرمۆنی برسێتی گرێلین لە درەنگانی شەودا بەرزترە، نەخواردنی ژەمێکی ئێوارەی تێرکەر کە دەوڵەمەند بێت بە پڕۆتین و ریشاڵ، دەتوانێت دواتر ببێتە هۆی ئارەزووی خواردن.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە شەواندا نەک تەنیا هەستی برسێتی، بەڵکو ئارەزووی خواردنە پڕ کالۆرییەکانیش زیاد دەکات، بەڵگەکان لەمبارەیەوە جیاوازن. خواردنی ژەمێکی قورس لە درەنگانی شەودا کاریگەری لەسەر هەرسکردن و خەو هەیە، توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە شەکر رەنگە پەیوەندییان بە خەوی خراپەوە هەبێت.
پسپۆڕانی خۆراک لە زانکۆی باس، چەند رێنوێنییەک بۆ خواردنی تەندروستی سووکەژەم دەخەنەڕوو و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرەتا پێویستە هۆکاری خواردنەکە دیاری بکرێت. ئەگەر هۆکارەکەی برسییەتی بێت، پێویستە ژەمە سەرەکییەکان پڕ خۆراک بکرێن، بەڵام ئەگەر لەبەر راهاتن بێت، دەبێت رۆتینەکە بگۆڕدرێت.
د. کریستین بۆلیۆ، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت، لەکاتی خواردندا سەرنج لەسەر خواردنەکە بێت، چونکە "خواردن لەکاتی سەرقاڵیدا، بۆ نموونە سەیری تەلەڤزیۆن، دەتوانێت وا لە خەڵک بکات بری زیاتر بخۆن."

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
