رووداو - تەندروستی
رێکخراوی خۆراک و دەرمان لە ئێران ئاشکرای دەکات، فرۆشی دەرمان لە وڵاتەکە زیادی کردووە و ئەو زیادبوونەش بەشێکی زۆری فرۆشی دەرمانی نێوخۆیی بووە.
د. فەرهاد حەبیبی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی خۆراک و دەرمان لە ئێران رایدەگەیێنێت، لە شەش مانگی ئەم ساڵدا فرۆشی دەرمان نزیکەی 400 هەزار ملیار تمەن بووە، ئەمەش بەراورد بە شەش مانگی ساڵی رابردوو 155% زیادی کردووە کە 157 هەزار ملیار تمەن بووە.
ئاماژە بەوەش دەکرێت کە "لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا نزیکەی 28 ملیار و 300 ملیۆن یەکە دەرمان لە وڵاتدا فرۆشراوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، نزیکەی 1.3٪ زیادی کردووە؛ لەو بڕەش نزیکەی 28 ملیار یەکە هیی دەرمانی نێوخۆیی و نزیکەی 300 ملیۆن یەکە هیی دەرمانی هاوردەکراو بووە.
یەکێک لە بەرهەمە پڕفرۆشترینەکانی شەش مانگی ئەم ساڵ لە ئێران، دەرمانەکانی کێشدابەزاندن بووە و بەپێی FDAـی ئێران، دەرمانەکانی چارەسەری قەڵەوی سەرەتا وەک چارەسەرێک بۆ نەخۆشیی شەکرە بە جیهان ناسێندرا و مۆڵەتی وەرگرت. بە تێپەڕبوونی کات و ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر، دوای بینینی کاریگەرییەکەی و وەرگرتنی مۆڵەتی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، بەکارهێنانی ئەم دەرمانە بۆ چارەسەری نەخۆشیی قەڵەویش پەرەی سەند؛ بە شێوەیەک کە بەکارهێنانی تەنانەت لەنێو کەسایەتییە بەناوبانگەکانیشدا بڵاو بووەوە.
تاوەکو ئەمڕۆ، 11 کۆمپانیا مۆڵەتی بەرهەمهێنانی ئەم دەرمانەیان وەرگرتووە، کە نۆ براندیان لە بازاڕی دەرمانی ئێراندا بوونیان هەیە. کۆمپانیای باوەڕپێکراوی وەک ئەکتۆڤێرکۆش هاتوونەتە ناو ئەم بازاڕەوە و کێبڕکێیان لەم بوارەدا لەنێوان بەرهەمهێنەراندا قورستر کردووە.
بەپێی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی NHS لە بەریتانیا ئەمانە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکانی دژەقەڵەوین؛
- بێهێزی و لاوازبوون
- قەبزی
- سکچوون
- سووتانەوە گەدە (دڵەکزێ)
- رشانەوە و دڵتێکهەڵاتن
- ئازاری گەدە
- سەرسووڕان و لەهۆشخۆچوون
بەگوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا NHS، ئەمانە نابێت دەرمانی دژەقەڵەوی وەربگرن؛
- تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی پەنکریاس و زراو
- ئەوانەی نەخۆشیی کوێرەڕژێنەکانیان هەیە
- ئەوانەی نەخۆشیی رژێنی پەریزادە (غودە)ـیان هەیە
- خانمانی دووگیان و شیردەر
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)

