رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی نیشتمانیی سێئول لە کۆریای باشوور دەریخستووە، خواردنی خۆراکە پڕ شەکرەکان زیاتر لە دوو جار لە هەفتەیەکدا، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بە رێژەی 28% زیاد دەکات.
د.داھی کانگ، سەرپەرشتیاری سەرەکی لە توێژینەوەکەدا، رایگەیاند، "توێژینەوە کلینیکییەکان پشتگیری لەو دەرەنجامە دەکەن کە شەکری خۆراکی دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە گەشەکردن و دەرکەوتنی زۆرێک لە شێرپەنجەکان، لەوانە شێرپەنجەی مەمک، کۆڵۆن و پەنکریاس."
توێژینەوەکە شیکاری بۆ داتای تەندروستیی زیاتر لە 92 هەزار خانمی تەمەن 40-69 ساڵ کردووە. دەرکەوتووە ئەو بەشداربووانەی کە زیاتر لە دوو جار لە هەفتەیەکدا خۆراکی پڕ شەکریان خواردووە، بە بەراورد بەوانەی مانگی جارێک کەمتر ئەو جۆرە خۆراکانەیان خواردووە، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک 28% زیاتر بووە.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 2 ملیۆن حاڵەتی نوێی شێرپەنجەی مەمک لە خانماندا تۆمار کراوە و نزیکەی 694 هەزار خانمیش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە مردوون.
.png&w=3840&q=75)

