رووداو - تەندروستی
پزیشکە پێشەنگەکانی کوردستان لەنێو بەرنامەی دکتۆر ئاراس پەیامیان هەیە و پزیشکانی پسپۆڕییە جیاوازەکان هۆشداریی مەترسیداریان لەبارەی داهاتووی تەندروستیی هاونیشتمانییانەوە پێیە؛ زیادبوونی شێرپەنجە و هۆکارەکانی باس دەکرێن و ئەو هۆکارە ئاشکرا دەکرێت کە زۆرترین هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بەهۆیەوە دەمرن.
پڕۆفیسۆر د. هاژە عەبدوڵڵا، پسپۆڕی شێرپەنجە دەڵێت: لەدوای ساڵی 2040 لە هەر سێ خانمێک، یەکێکیان تووشی شێرپەنجە دەبێت و لە هەر دوو پیاوێک، یەکێکیان تووشی شێرپەنجە دەبێت.
پڕۆفیسۆر د. هاژە عەبدوڵڵا روونی دەکاتەوە، 25 ساڵی دیکە شێرپەنجە دەکەوێتە نێو هەموو ماڵێکەوە و لە عێراقدا شێرپەنجەی (مێشک، میزڵدان و گورچیلە) باون کە لە جیهاندا باو نین. ئەوەشی باس کرد کە لەنێو کافتریاکان ئەگەر جگەرەکێشیش نەبیت، هەر وەکو ئەوە وایە جگەرەکێش بیت و بە پێویستیشی دەزانێت کە حکومەت هاوکار بێت لە جێبەجێکردنی یاساکانی کەمکردنەوەی تووتن.
لەبارەی رێگریکردن لە شێرپەنجەوە گوتی: پشکنینی پێشوەختە خەرجیی وڵاتیش کەم دەکاتەوە و تێچووی مانگانەی نەخۆشێک لە قۆناخی چواری شێرپەنجەدا 60 هەزار دۆلارە، بەڵام ئەگەر لە قۆناخی سەرەتادا دەستنیشان بکرێت، ئەوا خەرجییەکەی زۆر زۆر کەمترە.
د. ئارام جەمال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ یەکێک بوو لە میوانەکان و رایگەیاند، باوترین هۆکاری مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوەیە و لە هەرێمی کوردستان جگەرەکێشان هۆکاری سەرەکیی مردنە بە نەخۆشییەکانی دڵ.
بەگوتەی د. ئارام جەمال؛ جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەکەن و دەیکوژن و ڤەیپکێشان هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ جگەرەکێشان نییە و هەردووکیان مەترسیدارن.
ئەوەشی گوت کە لانیکەم هەفتانە 150 خولەک وەرزش بکرێت و بۆماوەی پێنج رۆژ و هەر رۆژێک نیو کاژێر وەرزش بکرێت.
لەبارەی هۆکارەکانی نەخۆشیی دڵ، د. ئارام جەمال دەڵێت: ناڕێکیی دەروونی دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ. هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، گەنجانیش بچن پشکنینی دڵیان بکەن و ئەوانەی دایک و باوکیان پەستانی خوێنیان بەرزە، پشکنینی پێشوەختەی دڵ بکەن.
لەبارەی بەرزبوونەوەی چەورییەکانی خوێنیشەوە گوتی: هەر کەسێک چەورییەکانی خوێنی بەرزە، مەترسیی جەڵتەی دڵی هەیە و بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی جەڵتەی دڵ، جووڵە هەبێت و خۆراکی تەندروست بخورێت. لەکۆتاییشدا ئەوەی باسکرد کە هەرێمی کوردستان پێویستیی بە پڕۆگرامێکی نیشتمانی هەیە بۆ رێگری لە نەخۆشییەکان.
د. هودا ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە هەڵەبجەوە هاتبووە هەولێر و گوتی: لەڕێگەی لیژنەی زانستییەوە بڕیار بۆ نەشتەرگەریی منداڵبوون دەدەین.
د. هودا ئەوەش باس دەکات کە ئەگەر خانمێک بە نەشتەرگەری منداڵی ببێت، ئەگەری منداڵبوون بە سرووشتی کەم دەبێتەوە.
د. هێڤی شێرکۆ، پسپۆڕی سڕکردن و چارەسەری ئازار بابەتێکی هەستیاری وروژاند و گوتی: پسپۆڕانی چارەسەرکردنی ئازار سوودی زۆریان بە تووشبووانی شێرپەنجە گەیاندووە و ئازاری بڕبڕەکانی پشت و شان و ملئێشان باوترینن.
ئەوەش باس دەکات کە سەرشۆڕکردنەوەی بەردەوام هۆکارێکی سەوەفانە و ''بەداخەوە گەنجێکی زۆر بەهۆی ئازاری شان و ملەوە دەناڵێنن''.
د. کامەران قەرەداخی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکانی بەرنامەکە و دەڵێت: پشکنین بۆ شێرپەنجەی سییەکان پێشکەوتوو بووە و شێرپەنجەی سییەکان کوشندەترین شێرپەنجەیە کە جگەرەکێشان هۆکارێکیەتی.
ئەو ئاشكرای کرد کە 20%ـی مردنەکانی جیهان بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانەوەیە و بەساڵداچوون هۆکارێکی تووشبوونە بە شێرپەنجە. هۆشداریشی دا کە رەبۆ ئەو نەخۆشییەیە لە داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاد دەبێت و پیسبوونی ئاو و هەوا رەبۆ زیاد دەکات، دوای رەبۆ هەستیاریی چاو و لووت بەهۆی پیسبوونی هەواوە زیاد بووە.
د. دیلمان عەتار، پسپۆڕی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان رایگەیاند، ''رێژەی قەڵەوی لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاد بووە و خۆراکە دیلیڤەرییەکان دەبنە هۆی قەڵەوی، پاشانیش شێرپەنجەی رژێنی پەریزادە (رژێنی غودەی دەرەقی) زیاد بووە''.
لە بەشێکی قسەکانیدا باسی رێگری لە قەڵەوی دەکات و دەڵێت: جووڵە و وەرزشی رۆژانە باشترین خۆپارێزییە لە شەکرە و شاخەوانی دەکەم، چونکە خولیامە و دەمەوێت بەهۆیەوە تەندروست بم.
د. رێباز هەمزە، پسپۆڕی هەناو و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە گوتی: زۆربەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان رێگرییان لێ دەکرێت و مەرج نییە کە بە رووکەش نیشانەت نەبوو، تەندروست بیت.
باسی یەکێک لە نەخۆشەکانی دەکات و دەڵێت: جگەرەکێشی وا هەبووە 45 ساڵ بووە، تەمەنی سییەکانی 98 ساڵ بووە و وێرانبوونی سییەکانی نەخۆشەکانم بەهۆی جگەرەکێشانەوە، زۆر ئازارم دەدات.
د. ئەڤین مەعرووف، پسپۆڕی جومگە و رۆماتیزم هۆشداری دەدات کە ئێستا گەنجان زیاتر تووشی رۆماتیزم دەبن و ناڕێکیی شێوازی ژیان، گەنجان تووشی رۆماتیزم دەکات.
ئەوەشی باس کرد، ''کەمجووڵەیی هۆکارێکی رۆماتیزمە و خۆراکە خێراکان جومگەکان وێران دەکەن و دەبنە هۆی رۆماتیزم''.
لە کۆتاییدا باسی جۆرێکی وەرزش دەکات کە بە گرنگی دەزانێت بایەخی تەواوی پێبدرێت و دەڵێت: وەرزشڤانان بایەخ بە وەرزشەکانی کشان بدە، چونکە کشانی ماسوولکە گرنگە بۆ ئەوەی بەستەرەکان بەهێز بن و پێویستە لەگەڵ وەرزشی گەورەبوونی ماسوولکە، وەرزشەکانی کشانیش بکرێن.


.png&w=3840&q=75)
