رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی وێسترن نۆروی لە نەرویج دەریدەخات، وەرزشی بەردەوام رەنگە بۆ دەرووندروستی گرنگتر بێت لە ئەنجامدانی وەرزشی چڕ و درێژخایەن.
د. مایکل گرازدالسمۆن، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: ئەنجامەکان دەریدەخەن کە ئەو خوێندکارانەی بە بەردەوامی وەرزش ناکەن، ئەگەری زۆریان هەیە دوای ساڵێک تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ببن.
توێژەرانی زانکۆ نەرویجییەکە، بۆ ماوەی ساڵێک بەدواداچوونیان بۆ زیاتر لە 10 هەزار خوێندکاری تەمەن 18 بۆ 35 ساڵ کردووە، بۆیان دەرکەوت کە ژمارەی جارەکانی وەرزشکردن لە هەفتەیەکدا، زیاتر لە چڕی و ماوەی وەرزشەکە گرنگترە و پەیوەندی بە دەرووندروستییەوە هەیە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان لەگەڵ زیادکردنی کاتەکانی وەرزش کەم دەبێتەوە، بەتایبەتی تا نزیکەی 10 کاژێر لە هەفتەیەکدا، توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە دابینکردنی هەلی گونجاو بۆ وەرزشکردن دەتوانێت ببێتە بەشێکی گرنگ لە هەوڵەکان بۆ باشترکردنی دەرووندروستی خوێندکاران.



