رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لەلایەن زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە خوێندنەوەی کتێب سوودێکی سەرسوڕهێنەری بۆ مێشک هەیە و پەیوەستە بە باشتربوونی یادگە، کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی، باشترکردنی دەرووندروستی و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە.
پرۆفیسۆر د. باربارا ساکیان، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: تەنیا پێنج خولەک خوێندنەوەی چیرۆک دەتوانێت گوشاری دەروونی بە رێژەی 20% کەم بکاتەوە، هەروەها خوێندنەوە بە گشتی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئەڵزهایمەر بە رێژەی 33% کەم دەکاتەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەو منداڵانەی لە تەمەنێکی زووەوە دەست بە خوێندنەوە دەکەن، توانای سەرنجدان، یادگە و بڕیاردانیان باشتر دەبێت، هەروەها دەرووندروستترن، خەویان باشترە و کاتێکی کەمتر لەسەر شاشەکان بەسەر دەبەن.
توێژەران ئاماژە بەوەش دەکەن کە خوێندنەوەی بەکۆمەڵ، وەک لە یانەکانی خوێندنەوەدا، سوودی زیاتری هەیە، چونکە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەکات و هەستی تەنهایی کەم دەکاتەوە، کە ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەم دەکاتەوە.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەڵزهایمەر باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیە کە خانەکانی مێشک دەپووکێنەوە و لاوازدەبن، بەمەش چەند نیشانەیەک بە کورتخایەن و درێژخایەنی دەردەکەون.
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر کەم دەکەنەوە؛
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن
- راهێنانی مێشک
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
نیشانەکانی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر؛
- بیرچوونەوەی زانیاری و رووداوەکان
- تێکچوونی هاوسەنگیی رۆیشتن
- قورسی لە گێڕانەوەی رووداوەکان
- گۆڕانکاری لە رەفتارەکان
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
- لاوازیی بڕیاردان
- پەیوەستنەبوون بە کات
- بەجێهێشتنی کەلوپەلەکان
- دانانی کەلوپەل لە شوێنی نەگونجاو
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر زیاد دەکەن؛
- قەڵەوی
- لاوازیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
- بەساڵداچوون
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- نەخۆشیی شەکرە
- بەرزەپەستانی خوێن
- خواردنەوەی کحول
- گوشاری دەروونی



