رووداو - تەندروستی
پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ خۆراکی مرۆیی ئاماژە بەوەدەکات، خواردنی عەلی بابا رەنگە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو کەم بکاتەوە، ئەمەش لەرێگەی زیادکردنی جۆرێک لە چەوریی سوودبەخش لە خوێندا.
توێژینەوەی پەیمانگە ئەڵمانییەکە، دەریخستووە خواردنی عەلی بابا دەتوانێت ئاستی ترشە چەورییە تێرە زۆر درێژەکان لە خوێندا بەرزبکاتەوە. پێشتر دەرکەوت بوو کە بەرزیی ئاستی ئەم چەورییانە پەیوەستە بە کەمبوونەوەی مەترسیی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ.
د. سیرشا ڤادالی، پزیشکی پسپۆڕی دڵ، دەڵێت، " کەمبوونەوەی مەترسی بە رێژەی 11% ئاماژەیەکی بەهێزە، بەڵام ئەمە ئەوە ناسەلمێنێت کە عەلی بابە راستەوخۆ رێگری لە شەکرە دەکات".
توێژەرانی پەیمانگەی ئەڵمانی ئاشکرای دەکەن کە بەشێکی گەورەی ئەم سوودە رەنگە پەیوەندیی بە پاراستنی کێشێکی تەندروستەوە هەبێت، چونکە عەلی بابا دەوڵەمەندە بە پرۆتین و ریشاڵ کە هەستی تێربوون بۆ ماوەیەکی درێژتر دەهێڵنەوە.
پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن کە خواردنی مشتێکی بچووک عەلی بابە (نزیکەی 25 گرام) یان دوو کەوچکی چێشت کەرەی عەلی بابا لەبری سووکەژەمە ناتەندروستەکانی وەک چپس و شیرینی، دەتوانێت هەنگاوێکی باش بێت بۆ خۆپاراستن، بەڵام جەخت لەوەش دەکەنەوە کە پێویستە راوێژ بە پزیشک بکرێت بۆ زانینی مەترسییە تاکەکەسییەکان.



