رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار رایدەگەیێنێت، تووشبووانی گەشکە نابێت بە تەنیا بچنە شاخەوانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-11-2026 د. شوان ئەبوبەکر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ئەوانەی تووشی گەشکە دەبن، پێویستە بەجۆرێک بپارێزرێن کە زانستی بێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک پەنجە بخرێتە نێو دەمیان، بەڵکو دەبێت ئەوە بە پارچە پەڕۆیەک یاخود تەنێک بێت و بخرێتە سەر لا.
ئەوەش باس دەکات کە گەشکە 3 بۆ 5 خولەک دەخایەنێت و ئەگەر لەو کاتە زیاتری خایاند، ئەوا پێویستە بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
نیشانەکانی گەشکە؛
- راچڵەکین و گرژبوونی لەناکاوی ماسوولکەکان.
- لەدەستدانی هۆش.
- شڵەژان.
- تێکچوونی دۆخی دەروونی.
- خێرابوونی لێدانی دڵ یان هەناسەدان.
- تێکچوونی گەدە و دڵتێکەڵهاتن.
- هەستکردن بە ترس.
- گۆڕانکاری لە هەستەکاندا وەک (بینین، بیستن، بۆنکردن و تامکردن).
لە کاتی روودانی گەشکە ئەمانە مەکە؛
- دەست مەخە نێو دەمی نەخۆشەکە.
- ئاو بە سەر و چاوی نەخۆش دامەکە.
- هەوڵمەدە گەشکەکە رابگریت و دەست و قاچی بگریت چونگە ئەگەری هەیە بشکێت.
-هەوڵ مەدە پەڕۆ لەسەر چاوی دابنێییت و چاوی قەپات بکەی.


