رووداو - تەندروستی
گەشكە، نەخۆشییەکی درێژخایەنی مێشکە کە بەهۆی تێکچوونی نێردە کارەباییەکانی خانەکانییەوە روودەدات. لە 50٪ی حاڵەتەکاندا هۆکارەکەی نادیارە، بەڵام جەڵتەی مێشک و زەبرگەیشتن بەسەر لە هۆکارە سەرەکییەکانن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخات، ساڵانە 5 ملیۆن کەسی نوێ لە جیهاندا تووشی گەشکە دەبن کە رێژەکەی لە وڵاتانی کەمدەرامەتدا بەرزترە. نزیکەی 70٪ی تووشبووان دەتوانن بە بەکارهێنانی دەرمان ژیانێکی ئاسایی بژین. مەترسیی مردنی پێشوەختە لەم کەسانەدا 3 هێندەی کەسانی ئاساییە، زۆربەی کات بەهۆی رووداوەکانی وەک کەوتن و خنکان لە کاتی هێرشەکاندا روودەدات.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی 80٪ی تووشبووانی نەخۆشیی گەشکە لە وڵاتانی کەمداهاتدان و سێ لەسەر چواریان چارەسەری پێویست وەرناگرن، سەرەڕای ئەوەی نەخۆشییەکە بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت.
پسپۆڕان ئاماژە دەدەن، گەشکە نەخۆشییەکی گوازراوە نییە و بۆ رووبەڕووبوونەوەی، پێویستی بە هۆشیاریی کۆمەڵگە هەیە. گرنگە رێگری لە بەرزبوونەوەی تای منداڵان بکرێت بۆ خۆپاراستن لە گەشکەی تا. هەروەها، نەخۆشان نابێت بەبێ راوێژی پزیشک دەرمانەکانیان بوەستێنن.



