رووداو - تەندروستی
پێداچوونەوەیەکی توێژینەوەیەک لە زانکۆی کێرتن لە ئوسترالیا، دەریخستووە کە ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوویان هەیە، 53% زیاتر لە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئەڵزەهایمەر دان.
توێژەران، داتای 40 توێژینەوەی پێشوویان شیکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە پەیوەندییەکی روون لەنێوان شەکرەی جۆری دوو و ئەڵزەهایمەر هەیە، بەپێی ئەنجامەکان دەکرێت لە هەر 1000 کەسێکی تووشبوو بە شەکرەی جۆری دوو، ساڵانە نزیکەی 5 کەسیان تووشی ئەڵزەهایمەر دەبن.
ئەم توێژینەوەیە، بە وردی تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندیی نێوان زیندەچالاکی و تەندروستیی مێشک، بەتایبەتیش کاریگەریی شەکرەی جۆری دوو لەسەر ئەڵزەهایمەر، نەک جۆرەکانی دیکەی لەبیرچوونەوە.
د. ئیمانوێل ئادەویی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "لەکاتێکدا زۆرێک لە پێداچوونەوەکانی پێشوو جۆرە جیاوازەکانی شەکرە یان لەبیرچوونەوەیان تێکەڵ کردبوو، ئەم پێداچوونەوەیە بەتایبەتی تیشکی خستووەتە سەر نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشیی ئەڵزەهایمەر. کۆکردنەوەی داتاکان وێنەیەکی روونترمان لەبارەی قورسایی نەخۆشیی ئەڵزەهایمەر لەنێو تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو پێدەدات".



