رووداو - تەندروستی
زانایان، نەخۆشییەکی نوێی بۆماوەیی چاویان دۆزیوەتەوە کە بەبێدەنگی و بە هێواشی بینایی لەنێودەبات، لەکاتێکدا رەنگە بینایی بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئاسایی بمێنێتەوە.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی پێنسیلڤانیاوە سەرپەرشتی کراوە، یەکێک لە نیشانە سەرەتاییەکانی ئەم نەخۆشییە، سەختیی خۆگونجاندنە لەگەڵ تاریکیدا، کە دەکرێت ئاگادارکەرەوەیەک بێت پێش ئەوەی زیانێکی هەمیشەیی بە تۆڕی چاو بگات.
تیمێکی نێودەوڵەتیی توێژەران، دۆزیویانەتەوە کە نەخۆشییەکە بەهۆی گۆڕانێکی بۆماوەیی دیاریکراوەوە لە جینی EFEMP1 روودەدات. جێی سەرنجە، گۆڕانێکی دیکە لە هەمان جیندا دەبێتە هۆی جۆرێکی دیکەی نەخۆشیی چاو کە زیان بە بینایی ناوەندی دەگەیێنێت، بەڵام ئەم نەخۆشییە تازە دۆزراوەیە کار لە دوور بینین و بینین لە تاریکیدا دەکات.
د. ئارتور سایدێسیان، پسپۆری چاو، رایگەیاند: "دەتوانین نائاساییەکی گەورە لە شێوازی کارکردنی خانەکانی تۆڕی چاو لە تاریکیدا دەستنیشان بکەین، تەنانەت کاتێک تۆڕی چاو هێشتا لە رووی پێکهاتەییەوە تەندروست دەردەکەوێت. ئەمەش نیشاندەرێکی سەرەتایی نەخۆشییەکەیە پێش ئەوەی خانەکان لەدەستبچن".
دۆزینەوەکە، نەک هەر نەخۆشییەکی نوێ ئاشکرا دەکات، بەڵکو یارمەتیی زانایان دەدات باشتر لە پرۆسەی خراپبوونی بینین بەهۆی تەمەنەوە تێبگەن، وەک پووکانەوەی ماکولا کە یەکێکە لە باوترین نەخۆشییەکانی چاو.



