رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لەلایەن زانکۆی بریتش کۆلۆمبیا لە کەنەدا ئەنجامدراوە، جینی CDK12 یان دۆزیوەتەوە کە پەیوەستە بە شێرپەنجەی پرۆستات، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە مەترسیی تووشبوونیان هەیە، پێش ئەوەی نەخۆشییەکە بڵاوببێتەوە.
د. ئەلێکساندەر وایت سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: ئەنجامەکان دەریدەخەن کە ئەم جینە بۆماوەییە دەگمەنە دەتوانێت لە تەمەنێکی زوودا ببێتە هۆی شێرپەنجەی تووندی پرۆستات.
توێژەران پشکنینی بۆماوەییان بۆ زیاتر لە 4 هەزار کەسی تووشبوو بە شێرپەنجەی تووندی پرۆستات کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە پێنج پیاو هەڵگری گۆڕانی بۆماوەیی بوون لە جینی CDK12، ئەم پێنج کەسە لەنێوان تەمەنی 44 بۆ 62 ساڵیدا تووشی شێرپەنجەی پرۆستاتی بڵاوبووەوە بوون.
د. ئەلێکساندەر وایت، دەڵێت، "ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە هەموو ئەو نەخۆشانەی ئەم گۆڕانە بۆماوەییەیان هەبوو، لە کاتی دەستنیشانکردنیاندا شێرپەنجەکەیان بڵاوبووبووەوە. ئێستا دەرفەتەکە ئەوەیە کە ئەم خێزانانە زووتر دەستنیشان بکەین و رێگەیان پێبدەین سوود لە پشکنینی پێشوەختە وەربگرن، کاتێک هێشتا چارەسەری بنبڕکەر بەردەستە."
نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی پڕۆستات
* ئازار لەکاتی میزکردن
* بوونی خوێن لە میز و سپێرم
* لاوازیی رەپبوونی چووک
* ئاوهاتنەوە بە ئازار
نیشانە پێشکەوتووەکان
* ئەستووربوونی پێیەکان
* شکانی ئێسکەکان و ماندووبوون
* دابەزینی کێش
* تێکچوونی هەرس
گرووپە مەترسیدارەکان
* ئەوانەی لە خێزانەکانیان تووشبوو هەیە
* بەساڵاچووان
لێکەوتەکانی شێرپەنجەی پڕۆستات
* بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە
* لاوازیی توانای سێکسی
* میزڕانەگرتن



