رووداو- تەندروستی
خێزانی خوێندکارێکی کەنەدی و پزیشکێکی پسپۆڕ گومانیان لە راپۆرتی فەرمی مردنی کچەکەیان هەیە و دەڵێن؛ هۆکارەکەی ژەهراویبوون بە دەرمان بووە، نەک خواردنی خۆراک.
بێرینجێر دیڤۆ-کاتینۆ، کە تەمەنی 24 ساڵ بوو، لە مانگی 6ی 2025 لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ گەشتێک چووە ئیستەنبووڵ، بەڵام دوای خواردنی ژەمێکی ئێوارە لە هۆتێلەکەیان، باری تەندروستیی تێکچوو و گیانی لەدەستدا.
راپۆرتی پزیشکی لە تورکیا هۆکاری مردنەکەی بۆ 'ژەهراویبوونی خۆراک' گەڕاندەوە، بەڵام خێزانەکەی باوەڕیان بەمە نەکرد. پشکنینێکی دیکە لە کەنەدا دەریخست کە هیچ نیشانەیەکی هەوکردن یان کێشە لە ریخۆڵەکانیدا نەبووە، کە زۆرجار لەکاتی ژەهراویبوون بە خۆراک روودەدات.
پزیشکێکی پسپۆڕی تورکی بە ناوی شەبنەم کۆرور فینجانجی، دوای خوێندنەوەی راپۆرتەکە گوتی؛ ئەو نیشانانەی لە جەستەی کچەکەدا هەبوون، وەک زیادبوونی ترشیی خوێن، هی ئەوەن کە بە دەرمان ژەهراوی بووبێت، نەک بە خواردن.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە پێشتر خێزانێکی دیکە لە هۆتێلێک بەهۆی دەرمانێکی کوشندەی مێروولە بەناوی 'فۆسفیدی ئەلەمنیۆم' گیانیان لەدەستدابوو. ئەم دەرمانە هەندێکجار بە نایاسایی بۆ لەناوبردنی مێرووی 'ساس' بەکاردەهێنرێت.
نیشانەکانی ژەهراویبوون بە خۆراک زۆرجار لە ماوەی 24 بۆ 48 کاژێر دوای خواردنی خۆراکی پیس یان خراپبوو دەردەکەون.
سەرەکیترین نیشانەکان
- سکچوون
- سکئێشە، ئاوسان و گرژبوونی سک
- رشانەوە و دڵتێکەڵهاتن
- تا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە
- سەرئێشە، ماندوویەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
- وشکبوونەوەی جەستە (وەک وشکبوونی دەم و گەروو و سەرگێژان)
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
- بەردەوامبوون یان درێژخایەنبوونی نیشانەکان (بۆ نموونە سکچوون بۆ زیاتر لە سێ رۆژ)
- دەرکەوتنی نیشانەکانی وشکبوونەوەی تووندی جەستە
- بوونی خوێن لە رشانەوە یان پیساییدا
- تووشبوونی منداڵان، بەساڵاچووان، خانمانی دووگیان یان ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە



