رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی زانکۆی سەڵاحەدین ئاشکرای دەکات، ئەو وێستگانەی زانیاری لەسەر کواڵیتیی هەوای هەولێر دەدەن، مەرج نییە بۆ هەموو هەوای ناوچە جیاوازەکانی هەولێر راست بن.
ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2026 د. سەمیر جەودەت، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی رووناکی بووەتە هۆکارێکی باش بۆ کەمکردنەوەی پیسیی هەوا لە هەولێر و دەوروبەری.
ئەوان یەکەیەکیان هەیە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە کەشوهەوای هەولێر و روونی دەکاتەوە، بۆ دیاریکردنی کواڵیتیی ئاو و هەوا ئامێر و وێستگەی باوەڕپێکراومان هەیە.
بەگوێرەی پێگەی ئایکیو ئێیەری سویسری، رۆژی یەکشەممە 22-11-2026 ئاستی پیسبوونی هەوای شاری هەولێر گەیشتە قۆناخێک کە بۆ گرووپە هەستیارەکان ناتەندروست بوو و رێژەی تەنۆلکە وردە زیانبەخشەکان تێیدا 8.7 هێندەی ئەو ئاستە ستانداردە بەرزتر بوو کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دیاری کردووە.
تەنۆلکە پیسکەرەکانی هەوا یاخود تەنۆلکە زیانبەخشەکان ئەو دەنکۆڵە هەرە وردانەن کە لە هەوای پیسبووی شارەکاندا هەن و تیرەیان کەمتر لە 2.5 مایکرۆ مەترە و لە زانستدا بە PM 2.5 ناسراون. زیاتر لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل، کارگەکان و سووتاندنی دارەوە دەردەچن.
بەپێی مایۆکلینیک، رێژەی تەنۆلکە پیسکەرەکانی PM2.5 زیاتر بوو لەئاستی ستاندارد، دەکرێت
کورتخایەن ببنەهۆی؛
- سووربوونەوە و هەستیاربوونی چاو، قوڕگ و لووت
- ناڕێکیی لێدانی دڵ
- نۆرەی رەبۆ
- کۆکە و هەناسەتەنگی
درێژخایەن ببنەهۆی؛
- لەدایکبوونی منداڵی ناکام
- تووشبوون بە رەبۆ و هەوکردنەکانی سییەکان
- تێکچوونی پێکهاتەی سییەکان
- شێرپەنجە
- جەڵتەی مێشک و دڵ
- نەزۆکی


