رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هیوستن دەریخستووە هاتووچۆی رۆژانە بە ئۆتۆمبێل، تەنانەت ئەگەر بێ جووڵەش بێت، دڵی شۆفێران لە دۆخێکی "ئەرک"ی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە، کە رەنگە کاریگەریی تەندروستیی درێژخایەنی هەبێت.
توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری (npj Digital Public Health) بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای کردووە کە لە کاتی شۆفێریدا، لێدانی دڵ بە شێوەیەکی بەردەوام لە ئاستی ئاسایی خۆی بەرزترە و وەک چالاکییەکانی دیکەی دانیشتن بە ئاسانی ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.
د. یۆوانیس پاولیدیس، پرۆفیسۆر لە زانکۆی هیوستن و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند، "شۆفێریکردن پێویستی بە سەرنجی بەردەوام و ئامادەیی بۆ کاردانەوە هەیە، رەنگە جەستە دانیشتبێت، بەڵام مێشک کاردەکات و دڵیش رەنگدانەوەی ئەو داواکارییانەیە".
تیمەکە بۆ ماوەی یەک هەفتە، بە بەکارهێنانی کاژێری زیرەک، چاودێریی بەشداربووانیان لە شارە گەورەکانی تێکساس کردووە. داتاکان جیاوازییەکی فیزیۆلۆژیی بەرچاویان لە نێوان دانیشتن لە پشت مێزێک و دانیشتن لە پشت سوکانی ئۆتۆمبێل ئاشکرا کرد:
- لێدانی دڵی بەشداربووان بۆ ماوەی نزیکەی 94%ی کاتی شۆفێریکردن لە ئاستی ئاسایی بەرزتر بووە، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە لە چالاکییە دانیشتنەکانی دیکەدا 81% بووە.
- بە پێچەوانەی وەرزش، ئەو بەرزبوونەوەیەی لێدانی دڵ کە بەهۆی شۆفێرییەوە دروست دەبێت، هیچ سوودێکی بۆ سیستمی دڵ و خوێنبەرەکان نییە.
توێژینەوەکە دەریشیخستووە ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێیان هەبووە لە کاتی شۆفێریدا لێدانی دڵیان خێراتر بوو. بۆ نموونە، بۆ شۆفێرێکی پیشەیی کە رۆژانە هەشت کاژێر کاردەکات، ئەمە دەکاتە نزیکەی 173,000 لێدانی دڵی زیادە لە ماوەی ساڵێکدا.
د. پاولیدیس ئاماژەی بەوە کردووە، "کاتێک دڵ لە کاتی وەرزشدا زیاتر کاردەکات، ئەوە شتێکی باشە. بەڵام کاتێک لە پشت سوکانەوە دانیشتووین و زیاتر کاردەکات، هیچ یەکێک لە سوودەکانی وەرزشمان دەستناکەوێت. کاتێکیش ئەمە بۆ ماوەیەکی درێژ روودەدات، دەبێت پرسیار لە دەرەنجامە تەندروستییەکانی بکەین".



