رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی باشووری جۆرجیا لە ئەمریکا دەریخستووە، ئەو کەسانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە و رۆژانە 9 کاژێر یان زیاتر دەخەون، ئەگەری مردنیان بەهۆی کێشەی دڵ یان هەر هۆکارێکی دیکەوە زیاترە، بە بەراورد بەو کەسانەی 7 بۆ 8 کاژێر دەخەون.
توێژینەوەی زانکۆ ئەمریکییەکە لەسەر زیاتر لە 3 هەزار نەخۆشی دڵ لە ئەمریکا ئەنجامدراوە و تێیدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە سەبارەت بە ماوەی خەوتنیان، دەرکەوتووە خەوتن بۆ ماوەی 9 کاژێر یان زیاتر، مەترسیی مردن بەهۆی هەموو هۆکارەکانەوە بە رێژەی 51% زیاد دەکات و مەترسیی مردن بەهۆی کێشەکانی دڵیشەوە بە رێژەی 53% بەرز دەکاتەوە.
د. لیلی یو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "خەو کاریگەریی لەسەر پەستانی و شەکری خوێن، هەوکردن و بەرگریی جەستە هەیە، کە هەموویان کاریگەرییان لەسەر مەترسییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن هەیە".
بە گوێرەی کلیڤلاند، خەوی تەندروست بەم جۆرەیە:
1. کاتی خەوی گونجاو: لە نێوان 7-9 کاژێر بێت
2. ژینگەی گونجاو بۆ خەو: ژووری خەوتن دەبێت تاریک، بێدەنگ و فێنک بێت. هەروەها پێش خەوتن بەکارهێنانی مۆبایل و شاشەکان کەم بکرێتەوە.
3. خۆراک و خواردنەوەی تەندروست: لە ئێواراندا کافاین نەخورێتەوە و پێش خەوتن خۆراک شیرین، چەور و سوێر نەخورێت.
4. رەفتاری تەندروست: وەرزشکردنی بەردەوام، کەمکردنەوەی خەوی درێژی رۆژ یارمەتی باشترکردنی کواڵیتی خەو دەدەن.



