زانکۆی جۆنز هۆپکینز : ئێسکی لاواز نیشانەی خێرا پیربوونی مێشکە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە ئەمریکا، پەیوەندییەکی لەنێوان ئێسکی لاواز و خێرا پیربوونی مێشکدا دۆزیوەتەوە، کە رەنگە یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نیشانە شاراوەکانی دابەزینی توانای ژیری.
پرۆفیسۆر د. شادپوور دێمێهری، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە، رایگەیاند: "ئەو کەسانەی چڕیی ئێسکی بڕبڕەی پشتیان کەمترە، بە خێراییەکی زیاتر تووشی دابەزینی توانای ژیری و تێکچوونی مادەی سپی مێشکیان دەبن."
تیمەکە بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد (AI)، شیکردنەوەی پشکنینی تیشکی (CT Scan)ی ئێسک و (MRI)ی مێشکی زیاتر لە 700 کەس وەرگرتووە، دەرکەوتووە کە چڕیی ئێسکی کەمتر، پەیوەندیی بە زیاتر کەڵەکەبوونی مادەی نائاسایی لەو بەشانەی مێشکدا هەبووە کە بەرپرسن لە بیرکردنەوە و یادەوەری.
پیربوونی مێشک، پرۆسەیەکی سرووشتییە کە تێیدا قەبارەی مێشک بچووک دەبێتەوە و پەیوەندیی نێوان خانە دەمارییەکان خاو دەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان لەسەر تواناکانی وەک یادەوەری، خێرایی بیرکردنەوە و سەرنجدان هەیە. کەسانی بەساڵاچوو، ئەوانەی نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەیان هەیە، کێشیان زۆرە، کەمخەون و گوشاری دەروونیی بەردەوامیان هەیە، زیاتر لە مەترسیی پیربوونی خێرای مێشکیاندان.
بۆ بەهێزکردنی ئێسکەکان:
- شیر و بەرهەمەکانی، سەوزە گەڵاتۆخەکان (وەک سپێناخ و قەڕنابیت) و ماسی ساردین بخۆ.
- ڤیتامین D وەربگرە
- پیاسەکردن، راکردن، بازدان و بەرزکردنەوەی قورسایی
- لە جگەرەکێشان و خواردنەوە ئەلکحولییەکان دوورکەوە



