رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی میشیگانی ئەمریکی دەریدەخات، رۆژووی پچڕ پچڕ، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پێچەوانەکردنەوەی کاریگەرییەکانی نەخۆشیی شەکرە.
پرۆفیسۆر د. پیتەر ئارڤان، لە پەیمانگەی کاسوێڵ بۆ شەکرە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند، "زۆربەی تووشبووانی شەکرەی جۆری دووەم کێشەی قەڵەوییان هەیە کە بەهۆی خواردنی کالۆری زیادەوە دروست دەبێت."
توێژینەوە ئەمریکیەکە دەریدەخات، کێشی زیادەی جەستە توانای خانەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەنسۆلین کەمدەکاتەوە، لە ئەنجامدا، خانەکانی بێتا لە پەنکریاس پێویستە ئەنسۆلینی زۆر زیاتر لە ئاسایی دەربدەن بۆ ئەوەی ئاستی شەکری خوێن کۆنترۆڵ بکەن، ئەم گوشارە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی خانەکانی بێتا و تووشبوون بە شەکرە.
توێژەرانی زانکۆی میشیگان ئاشکرای دەکەن، ئەو کەسانەی کە ژەمەکانیان بەشێوەی پچڕ پچڕ خواردووە، ئاستی شەکری خوێنیان بە تەواوی گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی ئاسایی، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە رۆژووەکە ماوەی پشوودانی بە خانەکانی بێتا داوە، بۆیە باشتر توانیویانە ئەو ئەنسۆلینەی دروستیان کردووە هەڵیبگرن.
رێنوێنییەکانی پێشگیریکردن لە نەخۆشیی شەکرە:
- بایەخ بە خواردنی سەوزە، میوە، دانەوێڵەی تەواو، پرۆتینی بێ چەوری و چەوریی تەندروست بدرێت.
- شیرینی و خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان نەخورێت.
- خواردنەوە گازییەکان و وزەبەخشەکان نەخورێتەوە.
- وەرزشی بەردەوام بکرێت و هەوڵ بدرێت کێشی جەستە بەتایبەت چەوریی ناوچەی ورگ کەم بکەیتەوە یان لە ئاستێکی تەندروستدا بیهێڵیتەوە.
- بە بەردەوامی ئاستی شەکری خوێن بپشکنرێت و چاودێریی بکرێت، بەتایبەت ئەگەر بۆماوەیی لە خێزاندا هەبێت.



