رووداو - تەندروستی
کۆلێژی تەندروستیی گشتیی جۆنز هۆپکینز لە شاری بالتیمۆر دەریخستووە، ئاستی نزمی ڤیتامین D لە جەستەدا پەیوەندی بە کەمبوونەوەی کواڵیتی خەو و زیادبوونی کێشەکانی خەوەوە هەیە.
لە توێژینەوەکەدا کە لەلایەن پسپۆڕانی تەندروستیی گشتیی جۆنز هۆپکینزەوە بەدواداچوونی بۆ کراوە، ئەو کەسانەی ئاستی ڤیتامین D لە خوار ئاستی پێویستەوە، زیاتر رووبەڕووی کێشەکانی خەو و کەمبوونەوەی هەستکردن بە حەسانەوە دوای خەو دەبنەوە.
توێژەران ئاماژە دەدەن، ڤیتامین D رۆڵێکی گرنگ لە رێکخستنی سیستمی دەمار، کەمکردنەوەی هەوکردن و هاوسەنگکردنی کاژێری بایۆلۆژیی جەستەدا دەبینێت.
بۆ باشترکردنی کواڵیتی خەو و پاراستنی ئاستی ڤیتامین دی پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن:
- پشکنینی خوێن بکرێت بۆ زانینی ئاستی ڤیتامین دی و بەپێی رێنمایی پزیشک چارەسەر یان تەواوکەری خۆراکی وەربگیرێت.
- بەشێوەیەکی پارێزراو و گونجاو بەر تیشکی خۆر بکەون بۆ یارمەتیدانی جەستە لە دروستکردنی سرووشتیی ڤیتامین دی.
- خشتەیەکی رێکخراو بۆ خەو دابنرێت و گرنگی بە خۆراکی تەندروست بدرێت کە ڤیتامین دی تێدایە، وەک ماسی و زەردێنەی هێلکە.



